رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفالی بادینان دا رایگەیاند، "لەم یادە خەمگینەدا، جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، کە پێویستە حکومەتی فیدراڵی عێراق، قەرەبووی گشت کەسوکاری قوربانیانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال و کیمیاباران و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو بکاتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە، پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپات دەکاتەوە".
دەشڵێت، "ئەمڕۆ لە سی و هەشتەمین ساڵڤەگەڕی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالی بادیناندا، بە ڕێز و شکۆوە، یادی هەموو قوربانییانی ئەو تاوانە دڕندانەیە دەکەینەوە کە لە دواقۆناغی ئەم شاڵاوە دڕندانە و جێنۆسایدەدا، ڕژێمی پێشووی عێراق، هەزاران مرۆڤی بێتاوانی لە پێکهاتە جیاوازەکانی دەڤەری بادیناندا، شەهید و بێسەروشوێن کرد، هەروەها سەدان گوند و دێهاتیشی وێران کرد کە سەرەنجام بووە هۆی ئاوارە و دەربەدەربوونی دەیان هەزار کەس".
ئەنفالی بادینان قۆناخی کۆتایی و هەشتەمی شاڵاوەکانی ئەنفال بوو کە لەلایەن رژێمی بەعسی عێراقەوە دژی گەلی کورد ئەنجامدرا. ئەم شاڵاوە لە 25ی ئابی 1988 دەستیپێکرد و لە 6ی ئەیلوولی 1988 کۆتاییهات. لەم هێرشە دڕندەیەدا تەواوی ناوچەی بادینان و پێکهاتە جیاوازەکانی کرانە ئامانج.



