رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە شاری هەولێر دەڵێت، ماوەی 10 رۆژە کارەبای باڵەخانەکەی بڕاوە و شەش ماڵ لەم گەرمایەدا بێکارەبان، سەرەڕای ئەوەی هیچ قەرزێکی کارەبایان لەسەر نییە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان کێشەکەیان بۆ چارەسەر ناکەن.
حوسێن قادر، خاوەنی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی (بەهاری نوێ)ی شاری هەولێر، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "10 رۆژە کارەبای باڵەخانەکەم بڕاوە و شەش ماڵ لەم گەرمای هاوینەدا بێ کارەبان. چەندین جار سەردانی فەرمانگەی کارەبامان کردووە، بەڵام بەبێ هیچ هۆکارێک دەستی دەستیمان پێدەکەن."
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوە کرد، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی سەردانی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەولێری کردووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت: "ئەویش تەنیا پێی گوتم چاوەڕێ بکەن."
حوسێن قادر گوتی: "دەیان جار پەیوەندیمان بە سەنتەری پەیوەندییەکانی پڕۆژەی رووناکی (1992) کردووە، ماوەیەکی زۆر لەسەر هێڵ راماندەگرن و لە کۆتاییدا دەڵێن داواکارییەکەتان بەرزکراوەتەوە، بەبێ ئەوەی هیچ ئەنجامێکی هەبێت."
ئەو هاونیشتمانییە داوا دەکات تەنیا هۆکارەکەی پێ بڵین کە کێشەکەی چییە و دەڵێت، "لەم باڵەخانەیەدا شەش خێزان دەژین، شەو و رۆژ بێ کارەبان و ژیان ناکرێت بەم جۆرە، داواکارم تەنیا هۆکارەکەم پێ بڵێن، بەخودا ژیانمان نەما".
رادیۆی رووداو بۆ وەرگرتنی روونکردنەوەی زیاتر، چەندین جار پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای هەولێر و تیمی پڕۆژەی رووناکی کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانیان نەدایەوە.



