رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، کارکردن لە پڕۆژەی دووسایدی دەربەندیخان-زەڕایەن بەردەوامە و ئەگەر حکومەت بودجەی پێویست لە کاتی خۆیدا خەرج بکات، پڕۆژەکە کەمتر لە ساڵێکی دیکە تەواو دەبێت و بەڕووی هاتووچۆدا دەکرێتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکە، کارکردن لە سەرجەم بڕگەکانی پرۆژەی دروستکردنی رێگەی دووسایدی زەڕایەن–دەربەندیخان بەردەوامە؛ "بەتایبەت کارەکانی بڕین و پڕکردنەوە، جێبەجێکردنی پرد و ئاوبارەکان، دیواری راگر، جۆگەکانی تەنیشت و کارەکانی دیکە".
ئامانج کەساس، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، رۆژی دووشەممە 24ی ئاب بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاری باش لە پڕۆژەکە کراوە و کارکردنیش بەردەوامە، کۆمپانیای جێبەجێکار بەشێک پارەی بۆ خەرج کراوە".
لەبارەی کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکە، قایمقامی دەربەندیخان گوتی: "کۆمپانیاکە کارمەند و ئامێری پێویست و باشیان هەیە؛ ئەزموونی باشیان لە رێگەوبان و پردەکاندا هەیە، ئەگەر حکومەت لەکاتی خۆیدا پارەیان بۆ خەرج بکات، بە کەمتر لە ساڵێکی دیکە رێگەکە تەواو دەکرێ و دەکرێتەوە".
پڕۆژەکە پێکهاتووە لە رێگایەک بە درێژی 15 کیلۆمەتر و نیو، تێچووەکەی زیاتر لە 185 ملیار دینارە.
17ی نیسانی 2025 بە نووسراوی ژمارە 4459 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر دووسایدکردنی رێگەکە دا، بەڵام ماوەیەک کاری تێدا کرا و دواتر راگیرا، پاشان دەستیپێکردەوە.
رێگەی نێوان دەربەندیخان و ناحیەی زەڕایەن، جگە لە دانیشتووانی هەردوو سنوورەکە، رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی دانیشتووانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیشە بۆ سلێمانی و دەوروبەری.



