رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران راگەیاند، لە کاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکدا ئەندازیارێک گیانی لە دەست داوە و چوار کرێکاریش بریندار بوون. گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ: "چوار بریندارەکە تەندروستیان جێگیرە".
رۆژی یەکشەممە، 23ـی ئابی 2026، دەروون رزگار، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کاتی هەڵکەندنی زەوی بۆ دروستکردنی بینایەکی نوێ لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی، چاڵەکە بەسەر پێنج کەسدا رووخاوە.
بە گوتەی سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکاران، ئەو کەسەی گیانی لە دەستداوە، تەمەنی 31 ساڵە، ناوی محەممەد ئەحمەد ساڵحـە و خەڵکی قەزای دەربەندیخانە.
سەبارەت بە دۆخی بریندارەکانی دیکەی رووداوەکە، سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە رووداوی گوت، تەندروستیی چوار کەسەکەی دیکە جێگیرە؛ یەکێکیان رەوانەی ماڵەوە کراوەتەوە و سێ کەسەکەی دیکەش لە نەخۆشخانە هێڵراونەتەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.




