رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری پارێزگای دهۆک مەترسیی رووخان لەسەر 22 قوتابخانە هەیە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگاکەش پلانی بۆ نۆژەنکردنەوەی 177 قوتابخانە و باخچەی منداڵان بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 ئامادە کردووە.
سعود عەزیز، بەڕێوەبەری بەشی بیناسازی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک، لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ی (تۆڕی میدیایی رووداو) رایگەیاند، زۆربەی باڵەخانە پەروەردەییەکانی دهۆک مێژووەکەیان بۆ ساڵانی 1970 و 1980 دەگەڕێتەوە، ئەمەش وایکردووە پێویستییەکی زۆریان بە چاککردنی بنەڕەتی هەبێت.
بەڕێوەبەری بیناسازی دهۆک ئاماژەی بەوە کرد کە 8 جۆر قوتابخانەی جیاواز لە سنوورەکەدا دروست کراون، کە مۆدێلی 18 پۆلی و 27 پۆلی لەخۆ دەگرن، جگە لە دروستکردنی چەندین کۆمەڵگەی پەروەردەیی گەورە. جەختیشی کردەوە کە ئەم پڕۆژانە بە سێ رێگە دابین کراون: بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکاریی خێرخوازان، و وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت.
لە بارەی مەترسی لەسەر باڵەخانەکان سعود عەزیز رایگەیاند ئێستا 22 قوتابخانە هەن کە مەترسیی رووخانیان لێ دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستە، تیمە ئەندازیارییەکانی پەروەردەی گشتی بەردەوام سەردانی مەیدانی دەکەن و راپۆرتەکانیان رەوانەی وەزارەتی پەروەردە دەکەن تاوەکو رێکاری پێویست بۆ رووخاندن و دووبارە بونیادنانەوەیان بگیرێتە بەر.
سەبارەت بە داهاتووی کەرتی بیناسازی، سعود عەزیز وردەکاریی پلانی ساڵی خوێندنی 2025-2026ی خستە روو و گوتی: "پلانمان بۆ نۆژەنکردنەوەی 177 قوتابخانە و باخچەی منداڵان ئامادە کردووە و رەوانەی وەزارەتی پەروەردەمان کردووە."
بەپێی گوتەکانی ئەو بەرپرسەی دهۆک، دوای وردبینی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، پلانەکە رەوانەی وەزارەتی دارایی کراوە و تائێستا رەزامەندی بۆ 22 پڕۆژە گەڕاوەتەوە. هیواشی خواست کە لە داهاتوودا بودجەی زیاتر تەرخان بکرێت بۆ ئەوەی تەواوی ئەو 177 ناوەندە نۆژەن بکرێنەوە.
بەڕێوەبەری بیناسازی ئاماژەی بە سیاسەتی نوێی حکومەت کرد بۆ دابینکردنی زەوی. روونیکردەوە لە هەموو ئەو گەڕەک و شوێنە نوێیانەی زەوی تێدا دابەش دەکرێت یان گەڕەکی نوێ دروست دەکرێت، پێشوەختە شوێنی قوتابخانە و خزمەتگوزارییە پەروەردەییەکان لەبەرچاو دەگیرێن تاوەکو لە داهاتوودا کێشەی نەبوونی بینا دروست نەبێت.

