رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا بەشێک لە خانەنشینان گلەیی لە قەرەباڵخی و نەبوونی پارە لە ئەی تی ئێمەکانی بانکی ئیسلامیی عێراقی دەکەن، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکەکە رەتی دەکاتەوە پارە لە ئامێرەکاندا نەبێت و دەڵێت، گرفتەکان پەیوەندییان بە بڕانی کارەبا، سیستەمی پاراستنی کارت و شێوازی مامەڵەکردنی بەشێک لە هاووڵاتییانەوە هەیە.
بەختیار کەمال، هاونیشتمانییەکە لە هەولێر، لەبارەی دۆخی بەردەم بانکەکە لە شەقامی 100 مەتری بە رادیۆی رووداوی گوت: "سێ رۆژە مووچەی خانەنشینان دابەش کراوە، بەڵام لە کۆی ئامێرەکان تەنیا یەکێکیان کار دەکات و ئەوانی دیکە کوژاونەتەوە، هەروەها بانکەکە هەمیشە قەرەباڵخە و لە زۆربەی کاتیشدا ئامێرەکان کێشەیان هەیە یان پارەیان تێدا نامێنێت."
لە بەرامبەر ئەم گلەییانەدا، سەرکەوت خەلیل، بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکی ئیسلامیی عێراقی، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند: "کە دەگوترێت پارە لە ئامێرەکاندا نییە راست نییە؛ گرفتە سەرەکییەکە ئەوەیە کە زۆربەی خانەنشینان و خاوەن پێداویستیی تایبەت لە کاتی لێدانی پین کۆد یان مامەڵەکردن لەگەڵ کارتدا تووشی هەڵە دەبن، کاتێکیش چەند جارێک بە هەڵە لێدەدرێت، کارتەکە قوفڵ دەبێت بۆ ئەوەی پارەی کەس نەفەوتێت، بەڵام خەڵک لەمە تێناگات."
بەڕێوەبەری لقی هەولێری بانکەکە ئاماژەی بەوەش کرد، بڕانی کارەبا لەو ماوەیەدا هۆکارێکی دیکەیە، چونکە سەرەڕای بوونی سیستەمی (یو پی ئێس)، بەڵام لە کاتی کوژانەوەی کارەبادا ئامێرەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کاردەکەن.
سەبارەت بە ژمارەی بەشداربووان و ئامێرەکانیش، سەرکەوت خەلیل ئەوەی خستەڕوو کە نزیکەی 300 هەزار کەس لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من) لای ئەوان تۆمار کراون و لە سنووری پارێزگای هەولێردا نزیکەی 60 ئامێری ئەی تی ئێم دانراون. جەختیشی کردەوە بۆ دابەشکردنی ئامێرەکانی راکێشانی پارە تیمی پرۆژەی (هەژماری من) شوێنیان بۆ دیاری دەکات.


