رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ گردبوونەوەی ناڕەزایی بۆ پشتیوانی لە لاهوور شێخ جەنگی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی بەڕێوەبچێت.
قادر ئاغا مەنتک، یەکێک لە پارێزەرانی دەستگیرکراوانی لالەزار، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 10:00ـی بەیانی ئەمڕۆ لەبەردەم پەرلەمانی کوردستان گردبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی کاک لاهوور بەڕێوەدەچێت".
ئەو پارێزەرە گوتی، هەر ئەمڕۆ گردبوونەوە بۆ پشتیوانی لاهوور شێخ جەنگی لەبەردەم دادگەی سلێمانی بەڕێوەدەچێ، تێیدا جگە لە کەسوکاری لاهوور شێخ جەنگی، دۆست و هاوڕێکانی بەشداری دەکەن.
لە 22ـی ئابی 2025، دوای رازینەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار. دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی لاهوور شێخ جەنگی دەستگیرکران.
لە پێکدادانەکەی 22ی ئابی 2025دا، ئەوەی بە فەرمی راگەیێندرا گیانلەدەستدانی پێنج کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس بوو.
لاهوور شێخ جەنگی، یەکەم جار 12-01-2026 برایە بەردەم دادوەر لە دادگەی سلێمانی، دوایین جاریش 14ـی مانگی ئایار بوو.
پارێزەرەکەی دۆسیەی لالەزار دەڵێ، گردبوونەوەکەیان بۆ ئەوەیە رێکارە یاساییەکانی دۆسیەی لالەزار دەستپێبکەنەوە و لەکاتی خۆیدا بەڕێوەببرێن.



