رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک کە بۆ مەلە کردن چووبووە گۆمی کەسنەزان، کەوتە نێو گۆمەکە. بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێ، تیمەکان بەدوایدا دەگەڕێن.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، رۆژی هەینی 21ـی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاونیشتمانییەکە بۆ مەلەکردن چووبووە ناوچەکە و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هەواڵی دیارنەمانی ئاگاداریان کردینەوە. ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر بەدوایدا دەگەڕێن."
بەپێی زانیارییەکانی شاخەوان سەعید، هاونیشتمانییەکە دانیشتووی هەولێرە و تەمەنی 16 ساڵە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، ئاوەکە مەنگە و کەمە، بۆیە دۆزینەوەی ئاسان دەبێ و پێشبینی دەکەن تاوەکو ئێوارەی ئەمڕۆ بدۆزرێتەوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە نزیکەی 50 کەس لە هەرێمی کوردستاندا خنکاون کە بە گوتەی شاخەوان سەعید، 19 کەسیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون.

.jpeg&w=3840&q=75)

