رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی گەرمیان رێکاری نوێ بۆ دابەشکردنی بەنزین بەسەر ئۆتۆمبێلە بێ تابلۆکاندا دەگرێتەبەر. بەپێی بڕیارەکە، ئەو ئۆتۆمبێلانە تەنیا لە چەند وێستگەیەکی دیاریکراو و لە هەفتەیەکدا تەنیا یەک جار بەنزینیان پێدەدرێت.
یادگار مەحموود، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارەکە لەپێناو بەرژەوەندیی گشتیی شۆفێران دراوە، چونکە پێشتر بەشێکی ئۆتۆمبێلە بێ تابلۆکان لە رۆژێکدا چەند جارێک بەنزینیان وەردەگرت و ئەوەش ببووە هۆی دروستبوونی گرفت بۆ شۆفێرانی دیکە و کەمبوونەوەی پشکی بەنزین.
بەپێی بڕیارەکە، کە لە سبەی پێنجشەممە (20-08-2026)ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئۆتۆمبێلە بێ تابلۆکان و تابلۆی کاتی بە هەموو جۆرەکانییەوە، تەنیا لەم کات و وێستگانەدا دەتوانن بەنزین وەربگرن:
کەلار: وێستگەی مرواری (گردەگۆزینە)، تەنیا رۆژانی یەکشەممە و پێنجشەممە.
رزگاری: وێستگەی دەروو، تەنیا رۆژانی سێشەممە.
کفری: وێستگەی میر، تەنیا رۆژانی چوارشەممە.
بەڕێوەبەری نەوتی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ رێگری لە دووبارە وەرگرتنی بەنزین، "ژمارەی شاسی" ئۆتۆمبێلەکان لە سیستەمدا تۆمار دەکرێت و هەر شۆفێرێک لە ماوەی حەوت رۆژدا تەنیا یەک جار دەتوانێت سوودمەند ببێت.
هەروەها جەختکراوەتەوە کە لەو رۆژ و وێستگانەی بۆ ئۆتۆمبێلە بێ تابلۆکان تەرخانکراون، رێگە نادرێت بە هیچ ئۆتۆمبێلێکی تابلۆدار بەنزین دابەش بکرێت.


