رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا فرۆشگای کۆمەڵگە پەروەردەییە نێودەوڵەتییە حکومییەکان بە شێوەی زیادکردنی ئاشکرا بە کرێ بدات و رۆژی زیادکردنەکەش دیاریکراوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە رۆژی چوارشەممە، 19ـی ئابی 2026، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوان لە وەزارەتی پەروەردە واژۆکراوە و بڵاوکراوەتەوە، زیادکردنە ئاشکراکە لە رۆژی پێنجشەممە 3-9-2026 لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باخچەی منداڵان و فێرکردنی بنەڕەتی بەڕێوەدەچێت.

وەزارەتی پەروەردە چەند مەرجێکی بۆ ئەو کۆمپانیایانە دیاریکردووە کە دەیانەوێت بەشداری لە زیادکردنەکەدا بکەن. بەپێی نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە ئەو کەسەی خوازیارە: "دەبێت رێژەی 10%ـی کرێی ساڵانە وەک بارمتە دابنێت، ئەستۆپاکی نوێی باجی دەرامەت بۆ ساڵی 2026 پێشکەش بکرێت و هەروەها دەبێت سەردانی کۆمەڵگە پەروەردەییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکات بۆ وەرگرتنی مەرج و خەسڵەتەکان."
زیادکردنەکە بۆ فرۆشگای ئەم کۆمەڵگانەیە و بەپێی ئەم کاتانەی خوارەوە دەبێت:
کۆمەڵگەی فاخیر مێرگەسۆری: کاژێر 9:00ـی بەیانی.
کۆمەڵگەی سەروەران: کاژێر 9:45ـی بەیانی.
کۆمەڵگەی سۆران: کاژێر 10:30ـی بەیانی.
کۆمەڵگەی سلێمانی: کاژێر 11:15ـی بەیانی.
کۆمەڵگەی سەردەم: کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ.
کۆمەڵگەی زاخۆ: کاژێر 12:45ـی نیوەڕۆ.
کۆمەڵگەی کەلار: کاژێر 1:15ـی نیوەڕۆ.
ئەم بڕیارە بە واژۆی رەگەز رەشید، بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی پەروەردە دەرچووە، و داوا لە کۆمپانیا خوازیارەکان کراوە پێش کاتی دیاریکراو بارمتەی یاسایی سپاردە بکەن بۆ ئەوەی مافی بەشداریکردنیان هەبێت.



