رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای رزگاریی سنووری گەرمیان سێ کەڵەشێر کە مانگێک بوو بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە قومار" دەستبەسەر بوون، ئەمڕۆ لە زیادکردنی ئاشکرادا بە "33 هەزار دیناری عێراقی" هەرسێکیان فرۆشران.
ئەو کەڵەشێرانە نزیکەی مانگێک پێش ئێستا لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیانەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو. بە تۆمەتی ئەوەی لەلایەن خاوەنەکانیانەوە بە مەبەستی قومار و "شەڕە کەڵەشێر" بەکارهێندرابوون.
پۆلیسی گەرمیان خاوەنی کەڵەشێرەکانیشی بە بڕی 250 هەزار دینار سزادا، کەڵەشێرەکانیشی دوای مانگێک لە دەستبەسەرداگرتنیان، بەپێی زانیارییەکانی رووداو: هەر سێکیان بە 33 هەزار دینار فرۆشران."
هاشم عەلی، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی بڕیاری دادوەر، ئەمڕۆ زیادکردنی ئاشکرا بۆ فرۆشتنی ئەو سێ کەڵەشێرە کرا. 4 کەس لە زیادکردنەکە بەشداربوون، بەڵام مەرجێکی قورسمان بۆ کڕیارەکە دانا، کە نابێت بە هیچ شێوەیەک بۆ شەڕکردن و قومار بەکاریان بهێنێتەوە و دەبێت تەنیا بۆ سەربڕین و خواردن بیانکڕن."
لەکۆتاییدا زیادکردنەکە بە سوودی یەکێک لە بەشداربووان کۆتاییهات و هەر سێ کەڵەشێرەکە پێکەوە بە 33 هەزار دینار فرۆشران. کڕیاری کەڵەشێرەکان بە پۆلیسی گوتووە، ئەمانە ناگەڕێنەوە مەیدانی "تۆڵە" و تەنیا بۆ مەبەستی خواردن کڕیونی.
پۆلیسی دارستان وێڕای فرۆشتنی کەڵەشێرەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە سبەی زیادکردنی ئاشکرای دیکە ئەنجام دەکەن، بەڵام ئەمجارەیان بۆ فرۆشتنی بڕێک "داری بڕاوە" کە ئەوانیش بە نایاسایی دەستیان بەسەردا گیراوە.

.jpg&w=3840&q=75)

