رووداو دیجیتاڵ
دوای نووسراوەکەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە راگرتنی دانانی جێگر و راسپاردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی وانەبێژی دامەزراو بە گرێبەست لەسەر داهاتی ناوخۆ، وەزارەتی پەروەردە دەڵێ، ئەو بڕیارە بۆشایی دروست دەکات، بەڵام ناهێڵن کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبێت.
پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، رۆژی دووشەممە 17ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان خانەنشین دەبن و ئەگەر مامۆستا و فەرمانبەری نوێیان لەجیاتی دانەندرێ، بێگومان بۆشایی دروست دەبێت."
وەک پەیمان خواجە ئاماژەی پێکرد، لیژنەی تایبەت بە رێکخستن و دانانی خشتەی نوێ بۆ مامۆستایان لە وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان پێکهاتووە و کۆمەڵێک رێکاری نوێ پێشنیازکراون، یەکێک لەوانە زیادکردنی وانەی مامۆستایانە و پێدەچێ مامۆستایەک زیاتر لە وانەی دیاریکراوی خۆی بڵێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "لەو شوێنانەی کە پێویست بێت، رەنگە بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەڕێوەبەری قوتابخانەکانیش لە چواچێوەی پسپۆڕییاندا وانەیان پێبدرێ و ئەوانیش وانە بڵێنەوە، گرنگ ئەوەیە پرۆسەکە پەکی نەکەوێ و قوتابییان زەرەرمەند نەبن."
یەکێکی دیکە لە رێکارەکان کە پەیمان خواجە ئاماژەی پێکرد، گواستنەوەی مامۆستایانە و گوتی: "قوتابخانەمان هەیە مامۆستای زۆرە و هەیشمانە مامۆستای کەمە. پێویستیان بە رێکخستنە."
سەبارەت بە پارەی وانەی ئەو مامۆستایانەی وانەی زیاتر دەڵێنەوە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە گوتی: "ئەو بابەتە پەیوەندی بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە هەیە و تاوەکو ئێستا لەو بارەوە هیچ بڕیارێک نەدراوە."
پەیمان خواجە دڵنیایی دایە قوتابییان کە ناهێڵن ئەم گرفتە کاریگەری لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبێت و گوتی: "ئێستا وەزارەتی پەروەردە شەو و رۆژ کار دەکات بۆ پڕ کردنەوەی بۆشاییەکان و لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دەست بە پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندن دەکرێ."



