رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک کەس سکاڵایان گەیاندووەتە بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە و دادگەی سلێمانی بەرامبەر کەسێک، کە خاوەنی کۆمپانیای حەج و عومرەیە و بەناوی بردنیان بۆ عومرە پارەی بردوون و ئێستا نادیارە. بەڕێوەبەری ئەوقاف دەڵێت، تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە.
مامۆستا عەباس خدر، بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی، رۆژی یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لای ئێمە پێنج کەس سکاڵایان دژی خاوەن کۆمپانیایەکی حەج و عومرە تۆمار کرد، کە 15 هەزار دۆلاریان براوە و کابرا خۆی شاردووەتەوە و نایانباتە عومرە".
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لای ئەوان تەنیا پێنج کەس سکاڵایان تۆمار کردووە، پێدەچێ کەسانی دیکەش هەبن، خەڵک لای دادگەش سکاڵایان تۆمار کردووە و پۆلیس رێکارەکانی گرتووەتە بەر".
بە گوتەی عەباس خدر، خاوەنی کۆمپانیاکە چەند رۆژێکە دەستگیرکراوە. گوتیشی: "ئەوەی ئاگاداربم دەگوترێ ئەمڕۆ بە دانانی دەستەبەری ئازاد دەکرێ، پێدەچێت رێکارە یاساییەکانی تەواو کردبێ بۆیە ئازاد دەکرێ، ئێمە تاوەکو ئێستا دڵنیاش نین کە ئەوەی کردوویەتی قۆڵبڕینە، یان رووداوێکی بەسەرهاتووە وەکو مایەپووچ بوون".
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی کە هاوکات بەڕێوەبەری حەج و عومرەی سلێمانییە گوتی: "من نووسراوم بۆ سەرووی خۆمان بەرزکردووەتەوە و بەدڵنیاییەوە رێکاری کارگێڕی بەرامبەر خاوەنی کۆمپانیاکە دەگیرێتەبەر، کە تاوەکو هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتەکەی دەڕوات".
هەرکەسێک کۆمپانیای حەج و عومرە دابنێت، پێنج هەزار دۆلار وەکو بارمتە دادەنێت، ئەو کەسەی تۆمەتبار کراوە بە بردنی پارەی خەڵک، هەمان رێکاری بەرامبەر گیراوەتەبەر، بەڵام بڕی ئەو پارەیەی بە بردنی تۆمەتبار دەکرێ، چەند هێندەی ئەو بارمتەیەیە دایناوە.
بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی باسی لەوەکرد، جگە لە لای ئەوان، ئەوانەی دەڵێن پارەیان براوە لە دادگەی سلێمانی سکاڵای یاساییان تۆمار کردووە، جگە لە رێکاری کارگێڕی، دادگای سلێمانی رێکارە یاساییەکان بەرامبەر تۆمەتبارەکە دەگرێتە بەر.
تێچووی گەشتی عومرە بەگوێرەی گەشتی ئاسمانی، وشکانی و خزمەتگوزارییەکان نرخەکەی جیاوازە، بەگشتی بۆ کەسێک لە 400 دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو زیاتر لە هەزار دۆلار.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار هاونیشتمانی هەرێمی کوردستان بۆ رێوڕەسمەکانی عومرە دەچنە سعودیە.



