رووداو دیجیتاڵ
ژنێکی تەمەن 38 ساڵ بە ناوی هۆزان فەهمی، دانیشتووی گەڕەکی تەناهی لە شاری دهۆک، لە بەیانیی دوێنێوە لە ماڵ دەرچووە و تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە. کەسوکارەکەی دەڵێن: "باری دەروونی تەواو نییە."
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، رەیان سابر، ئامۆزای هۆزان فەهمی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هۆزان دوێنێ هەینی کاژێر 10:00ـی بەیانی لە ماڵ دەرچووە و لە تەناهییەوە بەرەو سێمێل رۆیشتووە. لە کامێراکانی چاودێریی فامیلی مۆڵ و بەنزینخانەی ئاسیا بینراوە کە بەوێدا تێپەڕیوە."
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی، رەیان سابر ئاماژەی بەوە کرد کە هێزە ئەمنییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و گوتی: "هۆزان باری دەروونی جێگیر نییە. دوای بینینی لە بەنزینخانەیەک، دواتر بەرەو عەلوەی سێمێل و لەوێشەوە بەرەو دەشتی پشتی عەلوەکە رۆیشتووە."
ئامۆزای ئەو ژنە بێسەروشوێنە باسی لەوەش کرد، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیسی سێمێل دوایین جار لە دەشتی سێمێل بینراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکی نوێیان لەبارەی شوێنی مانەوەی نییە و پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گەڕان بەردەوامن.
هۆزان فەهمی دۆسکی، تەمەنی 38 ساڵە و دانیشتووی گەڕەکی تەناهییە، کەسوکارەکەی داوا لە هاووڵاتییان دەکەن هەر کەسێک زانیاری لەسەری هەیە، هێزە ئەمنییەکان ئاگادار بکاتەوە.




