رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی ئەمنیی قایمقامیەتی سلێمانی هەڵمەتێک بۆ لابردنی مێز و کورسیی خاوەن عەرەبانەکانی سەهۆڵەکە (شەقامی سالم) لە شاری سلێمانی ئەنجام دا. قایمقامی سلێمانی دەڵێت، ئامانج لە هەڵمەتەکە رێکخستنەوەی شوێنە گشتییەکان و کەمکردنەوەی جەنجاڵییە.
چەند رۆژێکە ئەو مێز و کورسییانەی لەلایەن خاوەن چایخانە، کافتریا و عەرەبانەکانی خواردەمەنییەوە لە شەقامی سەهۆڵەکە دانرابوون، لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتەوە لادەبرێن. ئەم بڕیارەش نیگەرانیی بەشێک لە کاسبکارانی شەقامەکەی لێکەوتووەتەوە و داوا دەکەن رێگەیان پێ بدرێت مێز و کورسییەکانیان دابنێنەوە.
کاسبکارێک کە خاوەنی عەرەبانەی فرۆشتنی خواردەمەنییە لە شەقامی سەهۆڵەکە، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو رایگەیاند: "رۆژی چوارشەممەی رابردوو لیژنەی ئەمنیی قایمقامیەت هاتن و تەواوی کورسی و مێزەکانی سەر شەقامەکەیان لاداین. ئێمە چەندین کەسین و لە تەنیشت عەرەبانەکانمان مێز و کورسیمان دانابوو بۆ ئەوەی هاووڵاتییان دانیشن و خواردن بخۆن."
فازڵ عومەر، قایمقامی مەڵبەندی سلێمانی بە وەکالەت، لە لێدوانێکدا بۆ رادیۆی رووداو روونکردنەوەی دا و گوتی: "ئەم رێکارە تەنیا بۆ شەقامی سەهۆڵەکە نییە، بەڵکو زۆربەی شوێنە گشتییەکانی ناو شار رێکدەخەینەوە. هەندێک لە خاوەنکارەکان لە بەرامبەر مێزێکی کارکردندا 20 کورسییان دانابوو. ئێمەش دەبێت هاوسەنگی لە نێوان رەخساندنی دەرفەتی کارکردن و ئاسانکاریی هاتووچۆی هاووڵاتییاندا رابگرین."
فازڵ عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت و بریتییە لە پرۆسەیەکی بەردەوامی رێکخستنەوەی ئەو شوێنە گشتییانەی قەرەباڵخن و هاتووچۆی زۆریان لەسەرە.



