رووداو دیجیتاڵ
گەڕانەوەی هاونیشتمانییان بۆ قەزای کفری لە پارێزگای سلێمانی دەستی پێکردووەتەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، نزیکەی 30 خێزانی کورد کە ساڵانی رابردوو بە هۆکاری جیاواز کفرییان جێهێشتبوو، گەڕاونەتەوە.
ساهیر عەلی، قایمقامی قەزای کفری، ئەمڕۆ شەممە 15ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی شەڕی داعشەوە لە ساڵی 2014 و دواتریش نەبوونی هەلی کار و خزمەتگوازی لە سنووری قەزاکەمان، بەشێكی زۆری دانیشتوانەکەی کفرییان جێهێشت و چوونە شارە گەورەکانی هەرێمی کوردستان."
بەگوتەی سەڵاح محەممەد، چالاکڤانی مەدەنی لە کفری، دوای ئەوەی خێزانە کوردەکان کفرییان جێهێشت، کۆچی بەکۆمەڵی دەیان خێزانی عەرەب بۆ قەزاکە دەستی پێکرد.
ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە. ساهیر عەلی دەڵێ، تاوەکو ساڵی 2025، هیچ خێزانێک نەدەگەڕایەوە و تەنیا قەزاکەیان جێدەهێشت، بەڵام ئێستا نەک تەنیا جێیناهێڵن، بەڵکو ئەوانەی رۆیشتوون، دەگەڕێنەوە.
سەڵاح محەممەدیش لەم بارەیەوە بە رووداوی گوت: "نزیکەی سێ ساڵە نابیستین لە کفری بڵێن خێزانێک رۆیشتووە. جگە لەوەش چەندین کەس دەناسم کە پێشتر بۆ کارکردن و خوێندن چووبوونە شارە گەورەکان و ئێستا گەڕاونەتەوە."
بەگوێرەی ئاماری قایمقامییەتی کفری بۆ رووداو، لە 2025-1-1 تاوەکو 2026-8-11، 30 خێزانی کورد گەڕاونەتەوە کفری و بەراورد بە 6 ساڵی رابردوو کە ژمارەی دانیشتوانی شارەکە نزیکەی 50 هەزار کەس بوو، نزیکەی 15 هەزار کەس زیادی کردووە و ئێستا دەگاتە 65 هەزار کەس.
لەبارەی ژمارەی دانیشتوانەوە قایمقامی کفری گوتی: "لە سەنتەری قەزاکە نزیکەی 15 هەزار خێزانی تێدایە کە لەو ژمارەیە تەنیا 500 خێزانی عەرەبن".
هۆکاری ئەو کۆچە پێچەوانەیە چییە؟
قایمقامی کفری دەڵێ: "بە چەند هۆکارێک خەڵک هیوای بۆ ژیانکردن لە کفری بۆ گەڕاوەتەوە، لەوانەش خەرجکردنی 17 ملیار دینار بۆ قەزاکە لەکەرتی خزمەتگوزاری، ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی رێگەوبان، شۆستە و شەقام؛ هەروەها دامەزراندنی چەند گارکەیەکی بچووک بۆ رەخساندنی هەلی کار لە دوو ساڵی رابردوودا."
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان کە ساهیر عەلی ئاماژەی پێکرد، دامەزراندنی زانکۆی پۆلیتەکنیکیی گەرمیانە لە ساڵی 2023.
د.چیا محەممەد، سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکیی گەرمیان، ئەمڕۆ شەممە 15ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ ساڵ پێش ئێستا تەنیا کۆلێژی کشتوکاڵی کفری کە سەر بە زانکۆی گەرمیان بوو، لە کفری هەبوو، نزیکەی 15 خوێندکار لەو کۆلێژە دەیانخوێند و کەمتر لە 30 فەرمانبەر و مامۆستای هەبوو، بەڵام ئێستا 180 خوێندکار لە کۆلێژی تەکنیکیی کفری و 180 خوێندکار لە پەیمانگای تەکنیکیی کفری دەخوێنن و زیاتر لە 120 مامۆستا و فەرمانبەر لەو زانکۆ و پەیمانگەیە هەن."
د.چیا محەممەد زانکۆکەی بە پەنجەرەیەکی نوێ بۆ بووژاندنەوەی قەزاکە ناوبرد و گوتی: "بەهۆی ئەوەی ساڵی رابردوو زانکۆکەمان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دانیپێدانرا، چاوەڕوان دەکەین ژمارەی خوێندکارانی دوو هێندە ببێت."
قایمقامی کفری دەڵێ: "هۆکاری بەشێک لەو خێزانانەی کە کفرییان جێدەهێشت خوێندن بوو، ئێستا زانکۆی پۆلیتەکنیکیی گەرمیان ئەو بۆشاییەی پڕکردووەتەوە و چیدیکە خوێندکاران بۆ تەواوکردنی خوێندن پیویستیان بە شارە گەورەکان نییە."
محەممەد سەڵاح لەم بارەوە ئاماژەی بە چەند هۆکاری دیکە کرد و گوتی: "دوو ساڵە کفری نوێبوونەوەیەکی بەخۆیەوە بینیوە و دەرفەتی کاریش بەراورد بە جاران زۆر زیاتر بووە، لەوانە کارگەی ئاسنمان هەیە لە سنووری قەزاکە کە هەلی کاری بۆ نزیکەی 400 کەس رەخساندووە. کۆمەڵێک شوێنی دیکەی گەشتیارییش هەن وەک بەنداوی باوەشاسوار و باخچەی خێرخوازی و کۆشکەکەکانی سەنتەری قەزاکە کە بژێوی ژیانی چەندین خێزانیان لەسەر دابین دەکرێ."
قایمقامی قەزای کفری باسی پلان و پرۆژەکانی داهاتوویانی کرد و گوتی: "لە دوایین کۆبوونەوەماندا لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنەرانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، پلانمان بۆ ژمارەیەک پڕۆژەی کولتووری و کەلەپووری لە کفری دانا و مەبەستمانە شوێنەوارە دێرینەکانی کفری نۆژەن بکەینەوە و لە کەرتی گەشتیاریدا سەرنجی گەشتیارانی پێ رابکێشین."



