رووداو دیجیتاڵ
بە گوتەی بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی، دوای دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە شارەکە، بەنزین بۆ سەرجەم قەزا و ناحییەکانی سەر بەو پارێزگایە دەنێردرێ. قایمقامی چەمچەماڵیش دەڵێت، ئامادەکارییان کردووە و بڕیارە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا بەنزینی پاڵپشتیکراو بگاتە قەزاکەیان.
محەممەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هەموو قەزا و ناحییەکانی پارێزگای سلێمانی بەنزینخانەکان 24 کاژێر بەنزینی 750 دابەش دەکەن و ناهێڵین هیچ بەنزینخانەیەک بەنزینی لێ ببڕێ."
هاوکات ئاسۆ بەکر، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ، ئەمڕۆ شەممە 15ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناری لە سلێمانی دابەشدەکرێ و دوای ئەوەش دەینێرن بۆ قەزای چەمچەماڵ."
سەبارەت بە بڕی بەنزینەکە، ئاسۆ بەکر گوتی، "بڕیارە سەرەتا رۆژانە 36 هەزار لیترمان بۆ بنێرن، بەڵام لەبەر ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی قەزای چەمچەماڵ بەراورد بە قەزاکانی دیکەی سلێمانی زۆرترە، بەڵێنیان پێداوین بڕەکەی زیاتر بکەن."
بە گوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، بەنزینی بازرگانیی پاڵپشتیکراوی حکومی لە دوو بەنزینخانەی قەزای چەمچەماڵ بەردەست دەبێت و گوتیشی، "پێش ئەم بڕیارە هیچ بەنزینێک بۆ چەمچەماڵ نەنێردراوە و شۆفێران بۆ وەرگرتنی بەزنین دەچنە بەنزینخانەکانی کەرکووک."

.jpg&w=3840&q=75)

