رووداو دیجیتاڵ
شارەوانی هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی لە هەڵمەتێکدا شەقامە تێکچووەکانی ناوچەی پیشەسازی باکووریان قیڕ کردووەتەوە. بەرپرسێکی شارەوانییەکە دەڵێت، لەسەر داهاتی شارەوانی شەقامەکان قیڕ دەکەنەوە.
راگەیێندراوەکە ئەمڕۆ هەینی 14-08-2026 بڵاو کراوەتەوە و تێیدا هاتووە: "پڕۆژەکە لەلایەن تیمەکانمان لە هەر شەش بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی و بە هاوئاهەنگی کارگەی قیری سەرۆکایەتیی شارەوانیی کرا و تێیدا 427 تۆن قیڕ بەکارهێندراوە بە رووبەڕی 2450 مەتر دووجا شەقام قیڕ کراوەتەوە".
رەنجدەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەڵمەتەکە لەسەر داهاتی 15%ـی شارەوانی هەولێرە و چاککردنەوەی چاڵەکانی ناوچەی پیشەسازی باکوورە".
ئەو بەرپرسەی شارەوانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی داهاتی بەردەستیان بەردەوام دەبن لە چاککردنەوە هەموو ئەو چاڵانەی لە شەقامەکانی هەولێردا دروستبوون.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بۆ رێگری لە دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆ، پڕۆژەکە لە پشووی رۆژی هەینیدا جێبەجێکراوە.



