رووداو دیجیتاڵ
دروستکەری یاریی "دۆمینەی کوردی" دوای هەشت مانگ لە کارکردن و گەیشتن بە زیاتر لە 100 هەزار داگرتن، بڕیاری دا یارییەکە دابخات و دەڵێت: "چیدی ناتوانم بەرپرسیاریێتی ئەو خراپەکارییانە هەڵبگرم کە لە چاتی یارییەکەدا بەرامبەر خێزانەکان دەکرێت."
رەوەند ئەحمەد، خاوەنی ئەپی دۆمینەی کوردی، رۆژی هەینی 14-8-2026 بە رووداوی راگەیاند، ماوەی پێنج مانگ خەریکی دیزاین و دروستکردنی ئەپەکە بووە و سێ مانگیش ئەپەکە بەردەست بووە بۆ دابەزاندن، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 105 هەزار کەس ئەپەکەیان دابەزاندووە، رۆژانەش زیاتر شەش هەزار کەس ئەپەکەیان بەکارهێناوە و یارییان کردووە.
خاوەنی ئەپی دۆمینە کوردی ئاماژەی بەوەدا ئامانجەکەی ئەوە بووە یارییەکی سەرگەرمیی بە زمانی کوردی هەبێت، بەڵام دواتر یارییەکە لە ئامانجەکەی خۆی لایداوە و گوتی: "بووە پلاتفۆرمێکی یەکتر ناسین، بووە هۆی ئەوەی بەکارهێنەران قسەی نەشیاو بە یەکدی بڵێن و هەروەها ببێتە دەروازەیەک بۆ 'پەیوەندی ناشەرعی' لە نێوان کوڕان و کچاندا، بۆیە بڕیارم دا ئەپەکە دابخەم".
دروستکەری یارییەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە ژینگەی گفتوگۆ (چات)ی ناو یارییەکە بووەتە شوێنێک بۆ کار و قسەی نەشیاو، بەتایبەت لەنێوان گەنجان و مێردمنداڵاندا. ئەو دەڵێت: "شەو هەیە نامە و گفتوگۆی وا لە چاتەکاندا دەبیندرێت، روومان نایەت سەیری شاشەکە بکەین. ئەم یارییە ئێستا کێشەی خێزانیی گەورەی دروستکردووە و ماڵی چەندین کەسی وێران کردووە."
سەبارەت بە کردنەوەی یارییەکە، رەوەند ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا لە بەرنامەیدا نییە ئەپەکە بکاتەوە، تەنیا لە یەک باردا نەبێت، ئەگەر تیمێک هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی بتوانن کۆنتڕۆڵی ئەو کێشانە بکەن، کە بۆ ئەپەکە دروست بوون.
رەوەند ئەحمەد رەتیکردەوە، دروستکردنی ئەپەکە هیچ سوودێکی ماددی بۆ ئەو هەبووبێت و دەڵێت: "بەپێچەوانەوە مانگانە 250 دۆلارم لە گیرفانی خۆم بۆ کرێی سێرڤەری ئەپەکە دەدا."


