رووداو دیجیتاڵ
لە دهۆک رووداوێکی هاتووچۆ لە نزیک بەنزینخانەیەک روویدا و دوو کەس بەهۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئۆتۆمبێلێک لە نۆرەی بەنزین وەستاوە و ئۆتۆمبێلێکی دیکە خۆی پێدا کێشاوە.
هاوکات، جگە لە گیانلەدەستدان، دوو کەسی دیکەش بە سەختی بریندارن.
ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو لە دهۆک رایگەیاند، بەنزینخاکە لە رێگای دهۆک - موسڵە.
پەیامنێری رووداو دەڵێت، یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستداوە پلەی رائیدی هەیە.
رووداوەکە شەوی رابردوو روویداوە و چوار ئۆتۆمبێل پێوە بوون.
شایەتحاڵێک بە رووداوی راگەیاند، رووداوەکە درەنگی شەوی رابردوو بووە و "هاتمە سەر ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام نازانم چۆن بەیەکیاندا کێشاوە".
شایەتحاڵێکی دیکە بۆ رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "کاژێر 6:00ی بەیانی هاتم، بینیم ئۆتۆمبێلێک خۆی لە چواری دیکە داوە لە نۆرەی بەنزین وەرگرتن دا".
بە گوتەی ئەو شایەتحاڵە، بەزۆری زیان بەر ئەو ئۆتۆمبێلە گەیشتووە کە سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستداوە.
پۆلیس و هاتووچۆی دهۆک بەدەم رووداوەکەوە چوون و رێکارە یاساییەکانیان گرتووەتە بەر.


