رووداو دیجیتاڵ
سەنتەری بوومەلەرزەزانیی ئەورووپا و دەریای نێوەڕاست (EMSC) دەڵێت، بوومەلەرزەکەی قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگەی سلێمانی 3.9 پلەی رێختەر بووە.
بوومەلەرزەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە نزیک کاژێر 1:30 روویدا.
لەو کاتەدا سەدان هاونیشتمانی نامەیان بۆ رووداو نارد و گوتیان کە هەستیان بە بوومەلەرزەی بەهێز کردووە و دەنگێکی سامناکی هەبووە.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی بۆ رووداو هاتوون، بوومەلەرزەکە لەرینەوەیەکی بەهێز دروست دەکات و دەنگێکی گەورەی هەیە.
سەنتەری بوومەلەرزەزانیی ئەورووپا و دەریای نێوەڕاست دەشڵێت، قووڵایی بوومەلەرزەکە 10.6 کیلۆمەتر لەژێر زەوییەوە بووە.
پاش نزیکەی سێ کاژێر و لە دەوروبەری 4:00، هاونیشتمانییانی چەمچەماڵ گوتیان کە هەستیان بە بوومەلەرزەیەکی دیکە کردووە.
لەسەر ئەمەی دوایی هێشتا زانیاریی ورد بەردەست نییە.


