رووداو دیجیتاڵ
چیرۆکی کچێکی نەوجەوانی تەمەن 16 ساڵ، بووەتە دۆسیەیەکی ئاڵۆز کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی سناپچاتەوە دەستیپێکردووە و ئێستا لە دادگە و بنکەکانی پۆلیس و لەنێوان دوو بنەماڵەدا بەردەوامە.
کچەکە سکاڵا لەسەر کوڕێکی تەمەن 20 ساڵ تۆمار دەکات و بە "دەستدرێژیکردنە سەری" تۆمەتباری دەکات، لە کاتێکدا خۆی لە ترسی "هەڕەشەی کوشتن" لەلایەن باوکییەوە خۆی شاردووەتەوە. لە بەرامبەردا، لایەنی تۆمەتبار رەتیدەکەنەوە دەستدرێژی کرابێت و دەڵێن، پەیوەندییەکە بە رەزامەندیی هەردوولا بووە.
کچە نەوجەوانەکە، کە بۆ سەردانی نەنکە نەخۆشەکەی لە هەولێرەوە چووەتە سلێمانی، چیرۆکەکەی بەوە دەستپێدەکات کە 7 مانگ لەمەوبەر لە رێگەی سناپچاتەوە کوڕێکی ناسیوە. ئەو لایەنی سکاڵاکارە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "چەند جارێک داوای هاوڕێیەتی نارد، دواجار وەرمگرت. وردە وردە کەوتینە قسە و باوەڕم پێکرد."
بە گوتەی کچەکە، تەنیا یەک جار یەکدییان بینیوە، ئەویش ئەو رۆژەی کە رووداوەکەی تێدا روویداوە. ئەو دەڵێت:"پێی گوتم وەرە یەکدی ببینین و باسی زەواج بکەین. بەو ناوەوە منی بردە دەرەوە." ئەو باس لەوە دەکات کە بە نهێنی لە ماڵی نەنکی چووەتە دەرەوە و کوڕەکە لەگەڵ هاوڕێیەکیدا بە ئۆتۆمبێل هاتووە. "لە شوێنێکی چۆڵ و لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا، دووجار دەستدرێژی کردە سەرم، لە کاتێکدا هاوڕێکەی شۆفێری دەکرد و بێدەنگ بوو."
دوای رووداوەکە، کاتێک داوای خوازبێنی لێدەکات، کوڕەکە رەتیدەکاتەوە و پێی دەڵێ "چی دەکەی بیکە." ئەمە وادەکات کچەکە بابەتەکە لای پووری و دواتر نەنکی ئاشکرا بکات و پاشان لە بنکەی پۆلیسی راپەڕین سکاڵا تۆمار بکات.
ئێستا کچەکە لە دۆخێکی دەروونیی سەختدا دەژی. دەڵێ، "باوکم هەڕەشەی کوشتنم لێدەکات، بۆیە خۆم شاردووەتەوە و بە دزییەوە سەردانی ماڵەوە دەکەم. لە مردنی خۆم دەترسم."
رێژین جەزا، پشتڕاستی قسەکانی کچەکەی دەکاتەوە و لە (بەرپرسیار) گوتی: "ئاگادار نەبووم کچەکەم پەیوەندیی هەبووە. کاتێک ئەمە روویداوە، من لە نەخۆشخانە بووم لای دایکم." ئەو باس لەوە دەکات کە کوڕەکە پێشتر هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی لە کچەکەی کردووە ئەگەر بۆ جاری دووەم و سێیەم نەچێتە لای.
دایکی کچەکە دەشڵێت، "پشکنین کراوە و دەڵێت پەردەی کچێنی نەماوە."
هەوڵەکانیان بۆ سوڵحی عەشایەری شکستی هێناوە. رێژین جەزا گوتی: "چووین بۆ دانیشتن، پێم گوتن وەرن کچەکەم مارە بکەن، بەڵام باوکی کوڕەکە رازی نەبوو. پێیان را بواردین." زیاتر دەگێڕێتەوە و دەڵێ، "سەرەڕای ئەوەی بەسەریان هێناین، سکاڵایان لەسەر من و دایکم تۆمار کرد بە مادەی 2ی مۆبایل و بۆ ماوەی 5 کاژێر دەستگیرکرام."
ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بە رووداوی گوت: "کچەکە لە ئیفادەکەیدا دەڵێ سێکسی لەگەڵ کراوە، بەڵام پشکنینی پزیشکی دەڵێ نەکراوە. لە لایەکی دیکەوە، کوڕەکە دانی بەوەدا ناوە کە کردوویەتی."
بە گوتەی پۆلیس، تۆمەتبارەکە بۆ ماوەی یەک مانگ دەستگیرکراوە، بەڵام دواتر مادە یاساییەکەی لە 393 (دەستدرێژی) بۆ 397 گۆڕدراوە و بە کەفالەت ئازاد کراوە. گوتەبێژی پۆلیس ئاماژەی بەوەشکرد، "سکاڵاکار بڕیاری ئازادکردنەکەی تەمیز کردووەتەوە، بەڵام دادگەی تەمیز بڕیارەکەی پەسەند کردووە."
ئەیوب عەبدوڵڵا، پارێزەری کچەکە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە "دەستدرێژییەکە سەلمێندراوە." ئەو لە (بەرپرسیار) گوتی: "راپۆرتی پزیشکیی سەرەتایی دەڵێت پەردەی کچێنی سەلامەتە، بەڵام لە دواوە رووشان هەیە، ئەمەش دەیسەلمێنێت کە دەستدرێژی کراوە."
پارێزەرەکە رەخنە لە گۆڕینی مادە یاساییەکە دەگرێت و دەڵێ، "بەپێی یاسا، هەر کارێکی سێکسی لەگەڵ کچێکی خوار 18 ساڵ، تەنانەت ئەگەر بە رەزامەندیی خۆیشی بێت، هەر بە دەستدرێژی هەژمار دەکرێت."
ئەردەڵان فاتیح، پارێزەری تۆمەتبارەکە، هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە. ئەو لە (بەرپرسیار) گوتی: "کچەکە خۆی هاتووەتە سلێمانی و بە ئاگاداریی کەسوکاری چەند جارێک لەگەڵ کوڕەکە چووەتە دەرەوە. ئەو بە موەکیلی منى گوتووە تەمەنم 18 ساڵە."
پارێزەری کوڕەکە دەشڵێت، "راپۆرتی پزیشکی دەڵێت دخول (چوونەژوورەوە) رووی نەداوە و تەنیا دەستبازی کراوە." هەروەها ماڵی کچەکە تۆمەتبار دەکات بەوەی داوای "ئاڵتوونێکی خەیاڵی و 8 دەفتەر دۆلاریان وەک نامووسانە" کردووە بۆ سوڵح.
لەنێوان گوتە دژ بەیەکەکان، راپۆرتی پزیشکیی جیاواز و بڕیاری دادگەدا، چارەنووسی کچەکە نادیارە؛ کچێک کە لە یەک کاتدا قوربانیی دەستی تۆمەتبارێک و هەڕەشەی کەسوکاری خۆیەتی و داوای "مافی خۆی" دەکات.


