رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری دا پشتگیریی بەنزینی بازرگانی بکات، بەڵام بە مەرجێک نرخی هەر لیترێک بەنزینی جۆری (نۆرماڵ) بە 750 دینار جێگیر بکات.
بەپێی فەرمانێکی وەزاری کە ئەمڕۆ 13-08-2026 دەرچووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی دارایی بۆ بەنزینی بازرگانی دابین دەکات تاوەکو لە بەنزینخانەکاندا لیتری بە 750 دینار بفرۆشرێت. لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە کە جیاوازیی نێوان ئەم نرخە و نرخی راستەقینەی بازاڕ لەلایەن حکومەتەوە دابین دەکرێت.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، دابەشکردنی بەنزینەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگاکان، ئیدارە سەربەخۆکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی نەوت و کانزاکان دەبێت.
جەختیش کراوەتەوە کە "دەبێت کوالێتیی بەنزینەکە بەپێی رێنماییە تەندروستی و ژینگەییەکان بێت."
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە بڕیارەکەدا جەختی کردووەتەوە کە ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.



