رووداو دیجیتاڵ
قایمقامیەتی سلێمانی دەستی بە هەڵمەتێکی بەرفراوان کردووە بۆ لابردنی زێدەڕۆییەکانی سەر شەقام و شۆستەکانی شارەکە. سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتیش هۆشداری دەداتە کاسبکاران و دەڵێت، چاوپۆشی لە هیچ کەس و لایەنێک ناکەن و کارەبای ئەو عەرەبانانەش دەبڕدرێن کە لۆدیان لەسەر تۆڕەکان دروستکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، بابان ئەحمەد، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو هەڵمەتەی شەوی رابردوو لە شەقامی (سەهۆڵەکە) کردوویانە، تەنیا بۆ رێکخستنەوە بووە، بەڵام لە قۆناخی داهاتوودا ئەگەر پابەندی رێنماییەکان نەبن، سزای دارایی دەدرێن و دەست بەسەر عەرەبانە و کەلوپەلە زێدەڕۆییەکانیاندا دەگیرێت.
سەرۆکی لیژنەکانی قایمقامیەت ئاماژەی بەوە کرد، هەڵمەتەکە تەنیا سەهۆڵەکە ناگرێتەوە، بەڵکو هۆتێل، بەنزینخانە، پێشانگاکانی ئۆتۆمبێل و هەموو جۆرە زێدەڕۆییەک لە تەواوی شاری سلێمانی دەگرێتەوە. گوتیشی: "تەنیا لەم هەفتەیەدا چەندین شوێن بە پێبژاردن سزا دراون، کە بڕی هەندێک لە سزاکان گەیشتووەتە 250 هەزار دینار."
سەبارەت بە رێکارەکان، بابان ئەحمەد روونی کردەوە رێگە نادرێت هیچ دووکاندارێک بەردەم دووکانەکەی یان شۆستەکە بە کرێ بداتە کەسانی دیکە. هەروەها ئاشکرای کرد کە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا رێککەوتوون بۆ بڕینی کارەبای ئەو عەرەبانانەی لەبەردەم دووکانەکان دانراون، چونکە لۆدێکی زۆریان لەسەر تۆڕی گشتیی کارەبا دروستکردووە.
قایمقامیەتی سلێمانی بۆ رێکخستنەوەی سیمای شارەکە، تەنانەت بۆ ئەو کۆشکانەی کە مۆڵەتیان هەیە، شوێن و ژمارەی کورسییەکانی بۆ دیاری کردوون و هەر جۆرە سەرپێچییەک رووبەڕووی سزایان دەکاتەوە.
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی داوای لە هاونیشتمانییان کرد، لە هەر شوێنێک زێدەڕۆییان بینی، بە وێنە یان ڤیدیۆ لیژنەکانی لێ ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنەبەر.


