رووداو دیجیتاڵ
وەرزی زێڕین و لووتکەی پێگەیشتنی هەنجیرە لە هەرێمی کوردستان. لەم کاتەدا هەنجیری خۆماڵی بە هەموو جۆرەکانیەوە لە بازاڕەکاندا بە زۆری دەبینرێت. پەیامنێرانی رووداو سەردانی عەلوەکانیان کردووە و زانیاری لەسەر نرخ، کوالێتی و بازاڕی هەنجیری ناوچە جیاجیاکان دەخەنەڕوو.
بازاڕەکان پڕن لە هەنجیری ئاکرێ، تەقتەق، هەڵشۆ، ئەحمەدئاوا، زەڵم، هەڵەبجە و هەورامان. رۆژی پێنجشەممە 13ـی ئابی 2026، لە کاتی بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە جەعفەر موبەشیرنیا پێشکێشیکرد، هەندێک زانیاریی تایبەت سەبارەت بە هەنجیر لە عەلوە و بازاڕەکانی هەولێر، سلێمانی، زاخۆ، هەڵەبجە و بەغدا خرانەڕوو.
"هەنجیری ئاکرێ بە نزیکەی دە هەزار دینارە"
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە عەلوەی هەولێرەوە رایگەیاند، نزیکەی هەفتەیەک دەبێت هەنجیری خۆماڵی گەیشتووەتە بازاڕ، "ئێستا ئەوەی لە عەلوەی هەولێر هەیە، هەنجیری تەقتەق، ئاکرێ، هەڵشۆ و ناوچەی پشدەرە."
بەگوتەی پەیام سەربەست، لە عەلوەی هەولێر نرخی هەنجیری ئاکرێ بەراورد بە هەنجیرەکانی دیکە گرانترە و لە پێنج هەزار دینارەوە دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ قەرەباڵغییەکی زۆر بە عەلوەی هەولێرەوە دیار بوو. دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری عەلوەکە بە پەیامنێری رووداوی گوت: "ئێستا وەرزی بەروبوومی خۆماڵییە، ئەو قەرەباڵغییەی کە لە نێو عەلوە دەبینرێت، بەهۆی خواستی زۆرە لەسەر بەرهەمەکانی خۆمان."
وەک دانا عەزیز دەڵێت، هەنجیری ئاکرێ باشترین جۆری هەنجیرە و نرخەکەی لە پێنج هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ دە هەزار دینار.
سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ زیادبوونی بەروبوومەکان و خستنەڕوویان لە بازاڕ و عەلوە، نرخەکانیشیان زیاتر دادەبەزن، "هەنجیری تەقتەق نرخەکەی گونجاوترە و لە 1500 دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 2000 دینار."
هەرچی هەنجیری پشدەریشە لە عەلوەی هەولێر، وەک دانا عەزیز گوتی، کیلۆی لە هەزار و 500 دینارەوە دەستپێدەکات بۆ دوو هەزار و 500 دینار.
بەگوتەی سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر، ئەمساڵ بەراورد بە پار، هەنجیری ئاکرێ کەمترە، بەڵام بە هەبوونی بەرهەمی ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کەمییەکەی قەرەبوو کراوەتەوە.
جیا لە هەنجیری ناوچەکانی کوردستان، هەنجیری نێوەڕاستی عێراقیش وەک پارێزگای سەڵاحەدین و دیالە، کیلۆی بە 1000 دینار لە عەلوەی هەولێر دەستدەکەوێت.
جووتیارێک سەبارەت بە ئەگەری زیانگەیاندنی بەروبوومی کشتوکاڵیی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بە بازاڕی بەرهەمە خۆماڵییەکان بە پەیام سەربەستی راگەیاند: "ساخکردنەوەی بەروبوومی ئەوان بە زیانی خۆمان نازانین، چونکە ئێمە بەروبوومی ئەوانیش بە بەرهەمی خۆمان دەزانین، بەڵام ئەوان پێچەوانەی ئێمەن و رێگری لە بەبازاڕکردنی بەرهەمی ئێمە دەکەن."
"هەنجیری هەورامان کیلۆی لە چوار هەزار دینارەوە دەستپێدەکات"
ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆ یەکەم جار فێستیڤاڵی بەرهەمە خۆماڵی و کولتوورییەکانی ناوچەی خورماڵ لە سەیرانگەی ئەحمەدئاوا بەڕێوەدەچێت. سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو لە هەڵەبجە دەڵێت، فێستیڤاڵەکە کاژێر 10:00 دەستیپێکردووە و جیا لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان، لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیشەوە خەڵک بەشدارن و بەرهەمە خۆماڵییەکانیان نمایش دەکەن.
یەکێک لە بەرهەمەکان کە لە فێستیڤاڵەکەدا نمایش دەکرێت، هەنجیر و بەرهەمە لاوەکییەکانی وەک مرەبای ئەو میوەیەیە. سازگار سەڵاح ئاماژەی بەوە کرد، "هەنجیری ناوچەکە وەک پار پێنەگەیشتووە، بەرهەمەکەیان جوان و خۆشە، بەڵام بەهۆی گەرماوە بەریان کەمترە."
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، هەنجیری تازەی هەورامان کیلۆی لە چوار هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو شەش هەزار دینار، "ئەگەر کەسێکیش لە شارەکانی دیکەوە داوا بکات، کیلۆی بە 12 هەزار دینار بۆی دەنێرن."
"هێشتا هەنجیری زاخۆ پێنەگەیشتووە"
غەریب مەجید، پەیامنێری رووداو لە زاخۆ، سەردانی عەلوەی کردووە و دەڵێت، تاوەکو ئێستا هەنجیری زاخۆ بە تەواوی پێنەگەیشتووە، "تایبەتمەندیی هەنجیری زاخۆ جیاوازە لە ناوچەکانی دیکە، چونکە درەنگتر پێدەگات و تام و بۆنی خۆشترە."
هاوکات جووتیارێک کە بەروبوومەکەی هێناوەتە عەلوە بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، نرخی هەر کیلۆیەک هەنجیری زاخۆ، لە چوار هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 4500 دینار.
بەگوتەی ئەو جووتیارە، جۆرێکی دیکەش لە هەنجیر لە زاخۆ دەستدەکەوێت کە کیلۆی بە 2000 دینارە.
ئەو جووتیارەی زاخۆ ئەوەشی خستەڕوو، ئەو هەنجیرەی لە عەلوەی زاخۆ ساخ دەکرێتەوە نێوخۆییە و "رێگە نادرێت هیچ هەنجیرێک لە دەرەوە هاوردە بکرێت."
بەگوتەی جووتیاران بێت کە قسەیان بۆ غەریب مەجید کردووە، هەفتەیەک بۆ دە رۆژی دیکە هەنجیری زاخۆ بە تەواوی دەخرێتە بازاڕەوە.
"لە سلێمانی هەنجیری ئەحمەدئاوا خواستی زۆری لەسەرە"
هەنجیری چوار ناوچەی کوردستان لە عەلوەی سلێمانی دەستدەکەوێت. ناوچەکانی ئەحمەدئاوا، زەڵم، تەقتەق و پشدەر. محەممەد لە عەلوەی سلێمانی بە ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی کە زۆر فراوانە هەنجیری تەقتەقە کە نرخیشی زۆر نزمە و کیلۆی بە 1500 بۆ 2000 دینارە."
بەگوتەی ئەو خاوەن عەلوەیە، بازاڕی هەنجیر لە مانگی شەشەوە دەستپێدەکات و تاوەکو سەرەتای مانگی نۆ بەردەوام دەبێت، "بەگشتی خواست لەسەر هەنجیری ئەحمەدئاواش زۆرە، چونکە بەراورد بە هەنجیری ناوچەکانی دیکە زەردتر، شیرینتر و گەورەترە."
"لە بەغدا خواست لەسەر هەنجیری رەشە"
هاوکات شکۆ عومەر، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا سەردانی عەلوەی شارەکەی کرد، بۆ ئەوەی زانیاریی زیاتر لەسەر جۆر و کوالێتیی هەنجیرەکان بخاتەڕوو و گوتی: "دۆخەکە لێرە تۆزێک جیاوازە و ئەو هەنجیرە زەردە گەشاوەیەی لە کوردستان هەیە، هێشتا نەگەیشتووەتە ئێرە، یان زۆر بە کەمی خراوەتە بازاڕەوە."
لە عەلوە و بازاڕەکانی بەغدا زیاتر هەنجیری رەش دەبینرێت. پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، "خواستێکی زۆری لەسەرە. تاوەکو ئەمەش لە بازاڕدا بێت، خەڵک حەز بە هەنجیری زەرد ناکات."
بەگوتەی شکۆ عومەر، ئێستا لە عەلوەکانی بەغدا نرخی هەر کیلۆیەک هەنجیر لە 1250 دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 1750 دینار، "لە دەستی دووکاندارانیشدا هەر کیلۆیەکی، 500 دیناری دەچێتە سەر."
بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا ئەوەشی خستەڕوو، سەرەتا کە هەنجیر دەخرێتە بازاڕەوە، نرخەکەی لە هەشت هەزار دینارەوە دەستپێدەکات بۆ 12 هەزار دینار، "بەڵام بەپێی ئەوەی میوەیەکی ناسکە و کەمتر لە گەرمادا خۆدەگرێت، زۆر بە زوویی نرخەکەی دادەبەزێت."
حاجی جاسم، خاوەن عەلوە لە هەولێر قسەی بۆ پەیامنێری رووداو کرد و گوتی، هەر هەنجیرێک کە لە عەلوەکە دەخرێتەڕوو، بەرهەمی نێوخۆیی عێراقە، بەڵام ئەگەر تەواو بوو، لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێشەوە هاوردە دەکەن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رووداو، پێویستیی ساڵانەی ناوخۆ بۆ هەنجیری فرێش لە نێوان دە هەزار بۆ 15 هەزار تۆن دەخەمڵێندرێت.
سەبارەت بە ئاستی بڕی بەرهەمهێنانیشی، وەزارەتی کشتوکاڵ دیاری کردووە، ساڵانە لە نێوان 20 هەزار بۆ 25 هەزار تۆن هەنجیر لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێندرێت.



