رووداو دیجیتاڵ
منداڵێکی تەمەن دە ساڵان لەنێو زێی گەورە لە نزیک گوندی گردەڕەشە خنکا، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر دەڵێت، دوای کاژێرێک لە گەڕان تەرمی منداڵەکە دۆزرایەوە و رەوانەی دادپزیشکی کرا.
رۆژی چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو منداڵەی خنکاوە ناوی (زریان زکری محەممەد)ـە، تەمەنی دە ساڵە و قوتابییە، دانیشتووی ناحیەی رزگاری بووە و بۆ مەلەکردن چوونەتە سەر زێی گەورە لە سنووری گوندی گردەڕەشە".
لەبارەی وردەکاریی رووداوەکە، شاخەوان سەعید گوتی: "لە کاژێر 03:10ـی دوای نیوەڕۆ ئاگادار کراینەوە لە هەبوونی رووداوێکی خنکان، دوای گەیشتنی تیمەکان و گەڕان، لە کاژێر 04:10 توانرا تەرمەکە بدۆزرێتەوە و رەوانەی دادپزیشکی بکرێت."
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی بەرگریی شارستانی هەولێر، ئەمە دەبێتە 15ـەمین رووداوی خنکان لەم ساڵدا.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، بەهۆی مەلەکردن لە رووبار و زێیەکان، چەندین رووداوی خنکان تۆمار دەکرێن، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان، کە داوا لە هاووڵاتییان دەکەن لە شوێنە مەترسیدارەکاندا مەلە نەکەن.
.jpg&w=3840&q=75)



