رووداو دیجیتاڵ
بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان و پێشخستنی سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووری، مانگی داهاتوو کۆڕبەندێکی ئابووری بە بەشداریی بازرگانانی تورکیا، ئازەربایجان و هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.
گەیلان حاجی سەعید، سەرۆکی ژوورەبازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، بە رووداوی راگەیاند، کۆڕبەندەکە بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەدەچێت.
گەیلان حاجی سەعید گوتی، بازرگانانی تورکیا و ئازەربایجان لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا بەشداردەبن و گفتوگۆ لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکان دەکەن.
گەیلان حاجی سەعید ئاماژەی بەوەشدا کە لە کۆڕبەندەکەدا کار لەسەر زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەردوو وڵات و پێشخستنی سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووری دەکرێت.



