رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێ، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە شارەکە تەواو بوون و "باشترین شوێن" بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە پێنج هەزار و 800 مامۆستا سوودمەند دەبن.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، رۆژی چوارشەممە، 12ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند، پێش 10 رۆژ، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوتوێی پرسی دابەشکردنی زەوییان بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی کردووە و لە لایەن بەرپرسی بۆردی شارەوانییەکانەوە دڵنیایی دراوە کە هەموو رێکارەکان تەواو بوون.
کامەران عەلی گوتی: "ساڵێک لەمەوبەر رێکارەکانمان راگرتن، چونکە داوای باشترین شوێنمان دەکرد کە شایستە بێت بە ماندووبوونی مامۆستایان. ئێستا لەسەر بەڵێنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باشترین شوێن دیاریکراوە کە لە هەولێرە، بەڵام جارێ شوێنەکە ئاشکرای ناکەین."
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی ئاماژەی بەوەش کرد، لەم هەفتەیەدا وەک ئەندامی لیژنەی دابەشکردنەکە سەردانی شوێنەکە دەکات و هەر لەوێوە هەواڵەکە بە فەرمی رادەگەیێنێت.
مەرجەکانی وەرگرتنی زەوی
سەبارەت بەوەی کێ زەوی وەردەگرێ، کامەران عەلی مەرجەکانی روونکردەوە و گوتی: دەبێت خزمەتی مامۆستا لە هەشت ساڵ کەمتر نەبێ، سیستمی خاڵبەندی پەیڕەو دەکرێ (بۆ نموونە ئەوانەی منداڵیان هەیە خاڵی زیاتر وەردەگرن)، ئەگەر ژن و پیاو (هاوژین) هەردووکیان مامۆستا بن، تەنیا یەکێکیان زەوی وەردەگرێ، مامۆستایانی گرێبەست ئەم بڕیارە نایانگرێتەوە.
کۆی گشتیی ئەو مامۆستایانەی خوێندنی کوردی لە کەرکووک کە مەرجی وەرگرتنی زەوییان هەیە، 5 هەزار و 841 مامۆستان.
بەشی خوێندنی کوردیی لە کەرکووک، هەموو شایستەکانیان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و تەنیا تاقیکردنەوەکانیان سەر بە حکومەتی ناوەندیی عێراقە ونزیکەی 100 هەزار قوتابیی هەیە.



