رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی دەڵێ، کێشەی بێ ئاویی سلێمانی چارەسەر بووە و ئێستا هیچ گەڕەکێک بێ ئاو نییە.
گرفتەکە چی بوو؟
هێڵی یەک، هێڵی دوو و پڕۆژەی ئاوی سەرچنار، سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئاوی سلێمانین و نزیکەی نیوەی پارێزگاکە پشت بە هێڵی دوو دەبەستێت.
مانگی رابردوو سێ پەمپی سەرەکیی هێڵی دووی دووکان – سلێمانی بەتەواوی لەکارکەوتن و گرفتی بەردانەوەی ئاویان بۆ گەڕەکەکانی باشووری سلێمانی و سنووری چەمچەماڵ دروست کرد، بەشێوەیەک هەندێک لە گەڕەکەکانی نێوشار 9 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرا و هەندێ ناوچەی دەرەوەی شاریش نزیکەی 15 رۆژ جارێک.
دوای لەکارکەوتنی سێ پەمپەکە، 8ـی ئابی 2026 بۆرییەکی سەرەکی لەسەرهێڵی دوو شکا و بەمەش کێشەکە فراوانتر بوو. دابەشکردنی ئاو بۆ نیوەی پارێزگای سلێمانی راگیرا.
بۆڕییەکە چاک کرایەوە و سێ پەمپەکەش بەکارخرانەوە؛ بەردانەوەی ئاو ئاسایی دەبێتەوە
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سێ پەمپەکە ماوەیەکی زۆربوو کاریان دەکرد و کۆن ببوون، هەرسێکیمان گۆڕی و پەمپی نوێمان لە شوێنیان دانا کە تێچووەکە نزیکەی چوار ملیار دینار بوو."
بە گوتەی ئامانج جەلال، دابەشکردنی ئاو ئاسایی بووەتەوە، بەڵام هێشتا هەندێک لە گەڕەکەکانی وەک کانی با، سێتوان، قڕگە، کازیوە و ئەوانەی دەکەونە دەرەوەی شەست مەتری چوار رۆژ جارێک ئاویان پێدەگات. هۆکارەکەیشی پەستانی زۆرە لەسەر هێڵەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی بێئاویی مانگی رابردوو.
لە هەفتەی داهاتووەوە هەموو گەڕەکەکانی سلێمانی 2 رۆژ جارێک ئاویان پێدەدرێ
ئامانج جەلال گوتی، چاودێری گەیشتنەوەی ئاو بۆ شاری سلێمانی و دەوروبەری دەکرێ و ئاماژەی بەوەشکرد، لە ترۆمپاکانەوە بە گوژمێکی زۆر ئاو بۆ گەڕەکەکان دەڕوا.
ئامانج جەلال رایگەیاند: "تاوەکو ئاو بە هەموو گەڕەکەکان دەگات، نزیکەی 7 رۆژ دەخایەنێت."
وەک گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی ئاماژەی پێکرد، چاکسازی لە پەمپ و ترۆمپاکاندا بەردەوامە و کێشەی بێئاوی بەتەواوی لە سلێمانی و دەوروبەری تاوەکو هەفتەی داهاتوو کۆتایی دێت.



