رووداو دیجیتاڵ
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دوو مووشەک بنکەکانیانی لە بەرزاییەکانی بالیسان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
بەرپرسێکی باڵای حیزبەکە، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە هێرشەکەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆدا هیچ زیانێکی گیانیمان نەبووە."
بەگوێرەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەرەتای جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، ئێران بە 152 درۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر بنکە و کەمپەکانیان لە هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیەکی زۆر پەنابەرانی تێدان.
ئەم هێرشەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە، کاژێر 6ـی بەیانیی ئەمڕۆش بە چوار درۆن هێرشی کردە سەر سۆران، هەریر و خەلیفانیش لە پارێزگای هەولێر.
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە بە زیاتر لە 965 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان و لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا، 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.


