رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) ئاماری نوێی پەنابەرانی لە عێراق راگەیاند، کە دەڵێ، زیاتر لە 343 هەزار پەنابەر لە عێراق هەن و زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن.
بەگوێرەی ئامارەکانی مانگی تەممووزی 2026ی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، کۆی گشتیی پەنابەر و داواکارانی مافی پەنابەری کە لای نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمارکراون، گەیشتووەتە 343 هەزار کەس.
داتاکان دەریدەخەن، نزیکەی 80%ی هەموو پەنابەرانی ناو عێراق لە هەرێمی کوردستان دەژین.
دابەشبوونی پەنابەران بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر:42%ی کۆی پەنابەرانی عێراقی لێیە و لە پلەی یەکەمدایە
- دهۆک: 26%ی پەنابەرانی تێدا نیشتەجێیە
- بەغدا: 13.5%ی پەنابەرانی تێدایە
- سلێمانی: 11%ی پەنابەرانی لێیە
کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، 33%ی پەنابەران لەناو 9 کەمپی جیاوازدا دەژین، ئەوانی دیکەش لەناو شار و شارۆچکەکاندان.
سەبارەت بە وڵاتینامەی پەنابەران، سووریاییەکان بە رێژەی 88% لە پلەی یەکەمدان. وڵاتانی دیکەش بەم شێوەیەن: ئێران 2.6%، فەلەستین 2.4% و تورکیا 2%.
لە رووی تەمەنەوە، گەورەترین ئاستی تەمەن لە نێوان 18 بۆ 59 ساڵە، کە 58%ـی کۆی پەنابەران پێکدەهێنن (35.5% پیاو و 22.5% ژن).
منداڵانی تەمەن 5 بۆ 11 ساڵیش 18.4%ـی پەنابەران پێکدەهێنن.
ئەم پەنابەرانە لە دوای ساڵی 2011ـەوە و لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی نێوخۆ و هێرشەکانی داعش، روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
دابەشبوونی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستان بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەیە:
هەولێر: 4 کەمپ (قوشتەپە، کەورگۆسک، دارە شەکران و باسرمە) لە سنووری پارێزگاکەدا هەن.
سلێمانی: 1 کەمپ لە سنووری پارێزگاکەیە، کە کەوتووەتە کۆمەڵگەی باریکە لە نزیک ناحیەی عەربەت.
دهۆک: 4 کەمپ (ئاکرێ، دۆمیز 1، دۆمیز 2 و گەویلان) هەن.



