رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی دەڵێ، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان دەرنەچووە، نرخی بەرمیلێک نەوتیش لە بازاڕەکاندا گەیشتووەتە 250 هەزار دینار.
سەلام عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، رۆژی چوارشەممە 12ی ئابی 2026 بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ نووسراوێکمان پێنەگەیشتووە لەبارەی دیاریکردنی کاتی دابەشکردنی نەوتی سپی. ساڵانە لە مانگی تشرینی یەکەم (10)ەوە دەست بە رێکارەکان دەکرێت."
گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی پێویستی نەوتی سپی بۆ پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان نزیکەی 120 ملیۆن لیترە، بەپێی کۆبۆن پشکی هەر خێزانێک 200 لیتر دەبێت.
سەلام عومەر باسی لە هاوکارییەکانی بەغدا کرد و گوتی، "ساڵانە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان نەوتەکە دابین دەکات. ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق بڕێکی کەمی نارد بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، کە 50 ملیۆن لیتر بوو و لەنێوان پارێزگاکان بەپێی پێویستی دابەشکرا؛ سەرەتا بەڵێنی 20 ملیۆن لیتریان بۆ سلێمانی دا، بەڵام تەنیا 15 ملیۆن لیتریان نارد."
بەپێی بەدواداچوونی رووداو، نرخی نەوتی سپی لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە. ئێستا بەرمیلێک نەوت بە کۆ بە 230 هەزار دینارە و کاتێک دەگاتە دەستی هاونیشتمانیان، نرخەکەی لەنێوان 240 بۆ 250 هەزار دینار دەبێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هاوینی ساڵی رابردوودا بەرمیلێک نەوت بە تەنیا 107 هەزار دینار بوو. بازرگانانی سووتەمەنی دەڵێن، کەمیی رێژەی نەوت و زۆریی خواست لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرما، هۆکاری سەرەکیی گرانبوونەکەیە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان هیچ راگەیێندراوێکی لەبارەی دەستپێکردنی دابەشکردنی نەوت بە نرخی پاڵپشتیکراو (104 هەزار دینار) بڵاونەکردووەتەوە.
ساڵانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکان، نەوتی سپی بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ دابەش دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کورستان، ساڵی رابردوو لە دەستپێکی مانگی ئەیلوولەوە تاوەکو سەرەتای ساڵی 2026، نزیکەی 135 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر 674 هەزار و 500 خێزاندا دابەشکرا.
ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی دەکرد، یەک بەرمیلی 200 لیتری بوو و بەرامبەر 104 هەزار دینار بە هاونیشتمانییان دەدرا.



