رووداو دیجیتاڵ
پەیامنێری رووداو دەڵێت، کاژێر 06:00ی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ، چوار درۆن بەر سێ شوێن لە قەزاکانی سۆران، خەلیفان و هەریر لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوتن.
ئەندام جەبار، پەیامنێری رووداو دەڵێت: لە هەریر بەهۆی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکە، ئاگر لە پووش و پاوانی چیای بەنی هەریر کەوتووەتەوە. هەروەها لە خەلیفان لە نزیکی گوندێک کەوتوون و لە سۆرانیش بەر ماڵی هاونیشتمانییەک کەوتووە.
دەشڵێت: لەهەر سێ شوێنەکە هیچ زیانی گیانی نەبووە.
یەکێک لەو هاونیشتمانییانەی درۆن بەر ماڵەکەی کەوتووە بە رووداوی گوت، "سوپاس بۆ خۆی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی مادی زۆرن". باسی لەوەش کرد، "من لە شاخ بووم، گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو. ماڵەوەمان ترساون".
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەکانی دیکە چوونەتە شوێنی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان و خەمڵاندن بۆ زیانەکان دەکەن.


