رووداو دیجیتاڵ
لە بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک و بازاڕەکانی دیکەی شارەکە، زیاتر لە 500 دووکاندار پێداویستیی قوتابخانە دەفرۆشن. ئەم ساڵ، وەکو ساڵانی پێشوو، بەپێی رەنگی باوی جلوبەرگی قوتابخانەکان کە سپی و رەساسی بوو، کەلوپەلیان بە بەهای ملیۆنان دۆلار هاوردە کردووە؛ بەڵام تەنیا چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن، بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ گۆڕینی رەنگی جلوبەرگی خوێندنی کوردی، بازاڕی لێ تێکداون.
خەلیل خورشید، دووکاندارێکی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی، "هەموو بازاڕی کەرکووک بۆ خوێندن جلی سپی و رەساسییان هێناوە. ئەم ساڵ خوێندنی کوردی گۆڕیویانە و ئێمە تەنیا 4 رۆژە بە تەواوی ئاگادار کراوین."
کاسبکاران دەڵێن، بڕیارەکە بۆ ئەوان "کتوپڕ" بووە. خەلیل خورشید باس لەوە دەکات، هەندێک دووکاندار تاوەکو 30 دەفتەر دۆلار (300 هەزار دۆلار) زیانیان بەرکەوتووە و هەندێک لە کەلوپەلەکان هێشتا لەنێو کارتۆنەکاندا ماونەتەوە."
کاروان لوقمان، بازرگانێکە جلوبەرگ لە تورکیاوە هاوردە دەکات. ئەو لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەکە گوتی، "بایی سەرووی 12 دەفتەر دۆلار جلوبەرگم هێناوە. ئەم بڕیارە زیانی زۆرم لێدەدات. وامانزانی بڕیارەکە کەرکووک ناگرێتەوە، چونکە کاتی دەرچوونی باسی کەرکووک نەکرا."
بە گوتەی کاروان، بازرگان هەیە بە بەهای نیو ملیۆن دۆلار جلوبەرگی هێناوە و ئێستا تووشی شۆک بووە. ئەو بە نائومێدییەوە دەپرسێت، "یان دەبێت ئاگری تێبەردەم یان دەبێت فڕێی بدەم، چی لێبکەم؟"
کاسبکاران داوا دەکەن تەنیا بۆ ئەم ساڵ چاوپۆشی لە بڕیارەکە بکرێت تاوەکو بتوانن ئەو جلوبەرگانەی هێناویانە ساخی بکەنەوە و بەڵێنیان داوە کە بایکۆتی هێنانی جلوبەرگی نوێ بکەن.
کێشەکە تەنیا زیانی بازرگانان نییە، بەڵکو بارگرانییەکی دیکەشە بۆ سەر شانی ئەو خێزانانەی کە جلی رەنگی رەساسی و سپییان بۆ منداڵەکانیان کڕیوە، چونکە بەپێی بڕیارەکە، دەبێت بیکەنە یەکپۆشیی نوێ.
شەماڵ دڵشاد، باوکی دوو کچە کە لە قۆناخی سەرەتایین، لە (بەرپرسیار) رایگەیاند: "بۆ کچێکم جلی کۆنم کڕیوە و دەبێت بیگۆڕم، ماڵی برام رەنگی کۆنیان کڕیوە و ئێستا دەبێت دیسان دەستە جلی نوێ بکڕن. ناکرێ بۆ هەر منداڵێک دوو دەستە جل بکڕین، ئەوە خەرجییەکی زۆرە."
ئەو باوکە کە شۆفێری پاسی قوتابخانەشە، باس لەوە دەکات کە هەر منداڵێک بۆ چوونە قوتابخانە نزیکەی 70 هەزار دیناری پێویستە بۆ کرێی پاس، خەرجیی رۆژانە و پێداویستییەکانی خوێندن. ئەو دەپرسێت، "ماڵ هەیە پارەی کرێی پاسی نەبووە بیدات، ئینجا چۆن بچێت دوو دەستە جل بکڕێت؟"
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە بڕیارەکە نوێ نییە. ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە، لە رۆژی 23ی نیسانی ئەم ساڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاندبوو رەنگی جلوبەرگی قوتابخانەکان دەگۆڕدرێت و گوتبووی: "ئێستاش چوار مانگ و نیویان لەپێشە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە جلوبەرگە بهێننە ناو بازاڕەکان."
وەزارەت تەنانەت وردەکاریی جۆری قوماش و دیزاینەکانیشی بڵاوکردبووەوە و داوای لە بازرگانان کردبوو سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکان بکەن بۆ وەرگرتنی کەتەلۆگی پەسەندکراو.
بەڵام لە کەرکووک، دۆخەکە جیاوازە. کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، دان بەوەدا دەنێت کێشەیەک دروست بووە. ئەو دەڵێت: "هەر بڕیارێک لە وەزارەتەوە دەربچێت، ئێمەش دەگرێتەوە." بەڵام لە هەمان کاتدا دەڵێت، "دووکاندار نەهاتوون بڵێن؛ جل دەگۆڕن یان نا و چوونە بازاڕییانکردووە. ناشکرێت لەخۆمەوە بچم بڵێم؛ دووکاندار ئەوە رەنگی ئەمساڵە، دەبێت خۆیان ئاگاداربن."
کامەران عەلی ئاشکرای دەکات پێشنیازی بۆ وەزارەت کردووە کە ئەمساڵ بڕیارەکە لە کەرکووک "ئارەزوومەندانە" بێت نەک "ناچاری"، بۆ ئەوەی کاسبکاران زیان نەکەن. ئەو گوتی، "داوام لە وەزیری پەروەردە کردووە بڕیارەکە ئارەزوومەندانە بێت. لەم دوو رۆژە وەزارەت وەڵاممان دەداتەوە."
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە جلوبەرگە نوێیەکان هەرزانترن و نرخەکەیان لە 13 هەزار دینار تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا جلی رەساسی و سپی تا 35 هەزار دینار بوون.
رەنگە نوێیەکانی جلوبەرگی قوتابخانە بۆ ساڵی نوێی خوێندن بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە بەمشێوەیەن: باخچەی ساوایان (پرتەقاڵی)، قۆناخی سەرەتایی (سوور)، قۆناخی ناوەندی (شین) و قۆناخی ئامادەیی (رەساسی).


