رووداو دیجیتاڵ
ئەحمەد عەبدولوەهاب، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی خەڵکی پارێزگای دهۆکە، پێنج ساڵە بەهۆی تێکچوونی باری دەروونییەوە ماڵی جێهێشتووە و لە شەقامەکان دەمێنێتەوە. خێزانەکەی دەڵێن، "چیدیکە کۆنترۆڵ ناکرێت" و داوا لە حکومەت دەکەن فریای بکەون.
چیرۆکی ئەحمەد لەو کاتەوە دەستیپێکرد کە ویستی وەک هەزاران گەنجی دیکە روو لە هەندەران بکات، بەڵام گەشتەکەی بەو جۆرە بوو کە نەک هەر نەگەیشتە ئەورووپا، بەڵکو بە تێکچوونی، ژیانی کۆتایی هات.
حاجی عیسا ئەحمەد، ئامۆزای ئەحمەد، لە کاتی بەشداریکردن لە بووڵتەنی کاژیر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: "سەرەتا تەندروستیی ئەحمەد زۆر باش بوو، بڕیاری دا بچێتە دەرەوەی وڵات. چووە تورکیا و بڕی 3 هەزار دۆلارمان بۆ نارد بۆ ئەوەی گەشتەکەی تەواو بکات، بەڵام دوای ماوەیەک گەڕایەوە و تەندروستیی بە تەواوی تێکچوو."
خێزانەکەی ئەحمەد نازانن هۆکاری تێکچوونی باری دەروونییەکەی چییە؛ ئایا لە تورکیا تووشی گوشاری زۆر بووە یان پەنای بۆ مادە هۆشبەرەکان بردووە؟ ئامۆزاکەی دەڵێ: "ئەحمەد، دوای گەڕانەوەی رۆژ بە رۆژ خراپتر بوو، شەڕی لەگەڵ باوک و براکەی دەکرد، شەوان نەدەگەڕایەوە ماڵەوە. جاران دەمانبرد جلەکانیمان دەگۆڕی و خاوێنمان دەکردەوە، بەڵام دەچووەوە دەرەوە و خۆی لە قوڕ و چڵکاو دەنا و جلەکانی دەدڕاند."
ئەحمەد ئێستا لەنێوان شێلادزێ و شاری دهۆک دەسووڕێتەوە، زۆر جار لەگەڵ خەڵک و رێبواران بەبێ هۆکار شەڕ دەکات و بە گوتەی پزیشکان "دۆخی دەروونی تەواو نییە و شێت بووە."
دایکی ئەحمەد کۆچی دوایی کردووە، باوکیشی ناتوانێت چاودێری کوڕەکەی بکات. تەنانەت باوکی ئەحمەد دوای کۆچی دوایی هاوژینی یەکەمی، ژنێکی دیکەی هێنا، بەڵام ئەو ژنەش دوای ماوەیەک سەرجەم زێڕ و پارەکانی باوکی ئەحمەدی برد و جێی هێشتن.
ئێستا ئەحمەد تەنیا برایەکی لە خۆی بچووکتر و باوکێکی نەخۆشی هەیە کە توانای دارایی و جەستەییان نییە چارەسەر و چاودێری بکەن.
کێشەی سەرەکی خێزانەکە ئەوەیە کە هیچ شوێنێک ئامادە نییە ئەحمەد وەربگرێ. حاجی عیسا دەڵێت: "چەندین جار هەوڵمانداوە بیبەنە نەخۆشخانەی دەروونی لە هەولێر، بەڵام ئەوانیش ئامادە نەبوون وەریبگرن. ئێمە لە ماڵەوە ناتوانین رایگرین و ئەویش لە هیچ شوێنێک نامێنێتەوە."
خێزانەکەی ئەحمەد داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، بە هانای ئەم گەنجەوە بچن و لە شوێنێکی تایبەت بە نەخۆشییە دەروونییەکان چارەسەری بکەن، پێش ئەوەی زیان بە خۆی یان بە هاووڵاتییان بگەیێنێت.


