رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵگەی خێرخوازیی پزیشکیی هانا لە شاری دهۆک وەک پڕۆژەیەکی تایبەت بە هاوکاریکردنی کەمدەرامەتان دامەزراوە، بەڵام ئێستا کارەکانیان راگیراوە. سەرۆکی کۆمەڵگەکە دەڵێ: "مۆڵەتمان هەیە". تەندروستیی دهۆکیش دەڵێ، "کێشەی پزیشکیان هەیە."
کۆمەڵگەکە لە لایەن رێکخراوێکەوە بە هەمان ناو سەرپەرشتی دەکرێ.
محەمەد تاهیر بریفکانی، سەرۆکی رێکخراوی خێرخوازیی هانا لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی ئەو ئاستەنگانەی کرد کە رووبەڕووی کۆمەڵگەکەیان بوونەتەوە لە شاری دهۆک.
بریفکانی دەڵێ، سەرەڕای ئەوەی مۆڵەتی فەرمییان لە وەزارەتی تەندروستی هەیە، بەڵام رێگرییەکان بەردەوامن.
بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی هانا، کۆمەڵگەکەیان تەنیا یەک مانگ کاری کردووە و دواتر داخراوە.
بریفکانی ئاماژە بەوە دەکات، "6 پزیشکمان هێنابوون کە یەکێکیان ژن بوو، تا نیوەی رێگەی وەرگرتنی مۆڵەت رۆیشتن، بەڵام دواتر وازیان هێنا. پزیشکەکان پێیان گوتین گوشاریان لێدەکرێ بۆ ئەوەی مامەڵەکان تەواو نەکەن."
سەبارەت بە هۆکاری ئەم رێگرییانە، محەمەد تاهیر بریفکانی پێیوایە رەنگە "کەمیی نرخ" هۆکارێکی سەرەکی بێت و رایگەیاند، "ئێمە نرخی بینینی پزیشکمان تەنیا 5 هەزار دینار داناوە. ئەمە بۆ سووککردنی باری دارایی خەڵکی کەمدەرامەتە، بەڵام هەست دەکەم ئەمە بووەتە هۆی رێگری لێکردنمان."
سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێ، زیاتر لە 20 جار بەدواداچوونی کردووە، بەڵام بێ ئەنجام بووە و باسی لەوەشکرد، نووسراوێک لە پارێزگای دهۆکەوە دەرچووە و تێیدا هاتووە، "کردنەوەی ئەم سەنتەرە پزیشکییە لە بەرژەوەندیی گشتیدا نییە." بریفکانی دەپرسێت، "بۆچی لە هەولێر و سلێمانی هەمان کۆمەڵگەمان هەیە و رێگریمان لێناکرێ، بەڵام لە دهۆک رێگری دەکرێ؟ تەنانەت رێگە نادەن دەرمانخانە و سەنتەری ددانەکەشمان کار بکەن کە مۆڵەتی سەندیکایان هەیە."
بریفکانی وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە رێکخراوەکە بە لایەنێکی سیاسی (یەکگرتووی ئیسلامی)ەوە گرێ دەدەن و گوتی، "ئێمە ستافێکی 28 کەسیمان هەیە و ناوی هەموویان لای ئاسایشە، دەتوانن لێکۆڵینەوە بکەن بزانن سەر بە چ لایەنێکن. ئەو 6 پزیشکەیشی هەڵمانبژاردبوون هیچ لایەنگرییەکی سیاسییان نەبوو. ئێمە تەنیا گرنگی بە لایەنی مرۆیی دەدەین، نەوەک سیاسی."
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک لەبارەی ئەو بابەتە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "ئێستا بەشەکانی دەرمانخانە، تاقیگە و چارەسەری ئەو کۆمەڵگەیە کاردەکەن، تەنیا پزیشکیان نییە."
تەندروستیی دهۆک گوتی، "کێشەی پزیشکی ئەو رێکخراوە پەیوەندی بە سەندیکای پزیشکانەوە هەیە و دەبێت پزیشکەکان خۆیان رازی بن لەوێ کار بکەن، چونکە کۆمەڵگەیەکی تایبەتە و حکومی نییە تاوەکو ئێمە پزیشکیان بۆ دابین بکەین."


.jpeg&w=3840&q=75)