رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی مامۆستایەکی ئایینیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کە تێیدا هەڕەشەی لەنێوبردنی کوردانی ئێزدی دەکات، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان داوای دەرکردنی یاسایەکی تایبەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوتاری رق و کینە کرد.
سعود مستۆ، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەست دەکەین دەستێکی دەرەکی لەپشت ئەو کەسەیە، بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان."
سعود مستۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کوردی ئێزدی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ناژین و گوتی، "ئەمە دەستێکی دەرەکی لەپشتە بۆ تێکدانی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان."
سعود مستۆ گوتی، "داوامان کردووە یاسایەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گوتاری رق و کینە دەربکرێ، بەتایبەتی لە سۆشیاڵ میدیا، چونکە جەستەی کۆمەڵگەی ئێزدی بریندارە و چی دیکە بەرگەی ئەم هەموو گوتارە پڕ لە رق و کینەیە ناگرێ."
پێشتریش بە هاوئاهەنگیی بنکەی لالش و وەزارەتی ئەوقاف، نەخشەڕێگەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوتاری دژایەتی و رق و کینە ئامادە کرابوو.
بەگوێرەی بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری ئێزدییان، وەزیری ئەوقاف و یەکێتیی زانایان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێزدی لە پەیوەندیدان و جەخت لە پاراستنی پێکەوەژیان دەکەنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم بابەتە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست گەیێندراوەتە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بەشی ئێران.
سعود مستۆ گوتی، "ئەم جۆرە گوتارانە تەنیا دژی ئێزدییان نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا زێدەڕۆییە لەسەر مینبەر و پەیامی راستەقینەی ئیسلام و زیان بە بەها پیرۆزەکانی دەگەیێنێت."

.jpeg&w=3840&q=75)

