رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک خێزانی دانیشتووی پێشووی قەڵای ئاکرێ گلەیی لە بێبەشبوونیان لە وەرگرتنی زەویی فەرمانبەران دەکەن و رایدەگەیێنن، سەرەڕای ئەوەی فەرمانبەری حکومەتن، بەڵام بەهۆی وەرگرتنی قەرەبووی چۆڵکردنی قەڵاکە لە ساڵی 2011دا، بە سوودمەندبوو دانراون و زەوییان پێ نەدراوە.
موزەفەر عەبدوڵڵا، یەکێک لە دانیشتووانی پێشووی قەڵای ئاکرێ بە رادیۆی رووداوی گوت: "لە ساڵی 2011دا 168 خێزان لەناو قەڵای ئاکرێ بووین، دوای چۆڵکردنی شوێنەکە، هەریەکەمان بە 18 ملیۆن دینار و پارچەیەک زەوی قەرەبوو کراینەوە."
بە گوتەی موزەفەر عەبدوڵڵا بەشێک لە دانیشتووانی نێو قەڵای ئاکرێ فەرمانبەری حکومەتن، بەڵام لە پرۆسەی ئەمدواییەی زەوی بێبەش کراون.
ئەو هاونیشتمانییە گوتی: "ئێستا لە پڕۆسەی دابەشکردنی زەویی فەرمانبەراندا، زیاتر لە نیوەی ئەو خێزانانە زەوییان وەرگرتووە، بەڵام 35 خێزانمان ماوینەتەوە و شارەوانی دەڵێت، ئێوە سوودمەندبوون، لە کاتێکدا جیاوازی لە نێوان مامەڵەی ئێمە و کەسانی دیکەدا کراوە."
بڵند زێباری، سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ سەبارەت بە کێشەی ئەو خێزانانە گوتی: "پێشتر کە نوسراو کراوە، لە داڕشتنی نووسراوەکان هەڵەیەک کراوە لە دهۆک، بەڵام خۆی دەبێت بە سوودمەند هەژمار بکرێن. ئەگەر نووسراوی رابردوو بە ناونیشانی 'استثناء'بێت، کەسەکە وەک سوودمەند ئەژمار ناکرێت، بەڵام لە نووسراوەکانی دهۆکدا هەڵەیەک روویداوە و بۆ بەشێکیان بە 'تەرخانکردن' نووسراوە و بەشێکیشیان بە 'استثناء' بەوەش کراونەتە سوودمەند."
سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ جەختی لەوەش کردەوە کە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەن و گوتی: "لە رێگەی نووسراوەوە ئەو بابەتەمان ئاڕاستەی پارێزگای دهۆک کردووە و بەدواداچوونی مەیدانیی بۆ دەکەین تاوەکو وەڵامێکی روون وەربگرین و رێکاری پێویست بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئەو خێزانانە بگرینە بەر."

.jpeg&w=3840&q=75)

