رووداو دیجیتاڵ
دانیشتووانی گەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد لە شاری سلێمانی گلەیی لە داخرانی شەقامێکی سەرەکیی گەڕەکەکەیان دەکەن و رایدەگەیێنن، کەسێک بە شێوەیەکی "سەرپێچیکارانە" رێگەکەی گرتووە. شارەوانیی سلێمانیش رایدەگەیێنێت، تیمەکانی لابردنی زێدەڕۆیی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە راسپێردراون.
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ئەو گەڕەکە لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە باسی لەو ئاستەنگە کرد و گوتی، شوێنەکە دەکەوێتە نێوان شوقەکانی دیلان ستی و پشتی مزگەوتی بەهەشت. ئاماژەی بەوەش کرد، "کەسێک بە نایاسایی شەقامەکە دادەخات، بەشێوەیەک شەوانە بە هیچ جۆرێک رێگەی هاتنەژوورەوە بۆ ناو گەڕەکەکە نامێنێت، ئەمەش هاونیشتمانییانی زۆر بێزار کردووە."
سەبارەت بەو کێشەیە، زەردەشت رەفیق، بەرپرسی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، ئەوان ئاگاداری ئەو سەرپێچییەن و گوتی: "تیمی بەش و هۆبەکانی لابردنی زێدەڕۆیی و سەرپێچی راسپێردراون و دەچنە شوێنەکە."
بەرپرسی راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی جەختی لەوەش کردەوە، هەر سەرپێچی و زێدەڕۆییەک لەو شەقامەدا هەبێت، تیمەکانیان رێکاری یاسایی پێویست دەگرنەبەر و ئاستەنگی هاتووچۆ لەسەر هاونیشتمانییان لادەبەن.


.jpeg&w=3840&q=75)
