رووداو - دیجیتاڵ تیمی پرۆژەی رووناکی رایانگەیاند لە ماوەی هەفتەیەکدا زیاتر لە 100 هاوبەشی کارەبا سوومەند بوون لە داشکاندن و قەرزی پێش پرۆژەی رووناکییان داوەتەوە. لە رۆژی سێی ئابەوە، وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان دەستیکردووە بە وەرگرتنەوەی قەرزی کارەبای پێش پرۆژەی رووناکی، بە داشکاندنی 50٪ بۆ هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ و 25٪ بۆ سێکتەرەکانی دیکە. ئەمڕۆ چوارشەممە، تیمی پرۆژەی رووناکی رایگەیاند، لە رۆژی 3ی ئاب تاوەکو 10ی ئاب، زیاتر لە 100 هەزار هاوبەش قەرزی پێش پرۆژەی رووناکییان داوەتەوە، کە زۆرترینیان هاوبەشی ماڵان بوون. سەبارەت بە شێوازی دانەوەی قەرزەکانیش، تیمی پرۆژەی رووناکی رایگەیاند: "زیاتر لە 75٪ی ئەو هاوبەشانە لە رێگەی ئی پسوولەوە قەرزەکانیان داوەتەوە. ئەو کەسانەی فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەو قەرزە نایانگرێتەوە، کە زۆرتر کارگە و کۆمپانیا گەورەکان دەگرێتەوە. بە زانیارییەکانی رووداو قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی کارەبا (پێش پرۆژەی رووناکی) زیاتر لە یەک تریلیۆن و 900 ملیار دینار بووە، کە نیوەی ئەو قەرزە لەلای هاوبەشانی ماڵانە. پسوولەی مانگی شەش ئامادەیە تیمی پرۆژەی رووناکی رایگەیاند، ئەمڕۆ پرۆسەی بە پسوولەکردنی مانگی حوزەیران تەواو بوو، ئێستا هاوبەشان دەتوانن لە رێگەی ئی پسوولەوە یان کارمەندانی کارەبا کە دێنە بەردەم ماڵان پارەی کارەبای مانگی شەش بدەن. تیمی پرۆژەی رووناکی راشیگەیاند، بەشێک لەوانەی لە مانگی شەشدا پسوولەی کارەبایان بۆ هاتووەتەوە، ئەو هاوبەشانەن کە پێشتر پسوولەی سفر دیناریان بۆ هاتووەتەوە.
هەواڵە ناوخۆییەکان11-08-2026بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدییان: داوای یاسایەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گوتاری رق و کینە دەکەین