رووداو دیجیتاڵ
لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، گلەیی شۆفێران لە کاتی دابەشکردن و نۆرەی بەنزین زیادیکردووە، بەڕێوەبەری نەوت و کانزانی هەولێر دەڵێت، هیچ تیمێکیان نییە بۆ رێگری لە نۆرەبڕی لە کاتی دابەشکردنی بەنزینی حکومی.
زیاد ڕەحمان، شۆفێرێکی دانیشتووی سیدەکان، بە رووداوی گوت: زیاتر لە سێ کاژێر لە نۆرەی بەنزین وەستاوە، بەڵام کاتێک گەیشتووەتە بەنزینخانەکە پێیان گوتووە بەنزین نەماوە. ئەو شۆفێرە گوتی، لەبەرچاوی ئەو، پۆلیس و ئاسایش دەچوونە ناو بەنزینخانە و بەنزینیان پێدەدرا.
غەریب هەولێری، شۆفێرێکی دیکەیە و دەڵێت، لە کاژێر 05:00ی بەیانییەوە لە نۆرەی بەنزین وەستاوە و پێشتر پێیان گوتراوە کاژێر حەوتی بەیانی دابەشکردنی بەنزین دەستپێدەکات، بەڵام کاتێک دەرگای بەنزینخانەکە کرایەوە، کاژێر نۆ بوو.
غەریب هەولێری دەشڵێت لە ناوەندی شاری هەولێر سەردانی شەش بەنزینخانەی کردووە، بەڵام کاتی دابەشکردنی بەنزین لە بەنزینخانەکان جیاواز بووە؛ هەندێکیان لە شەوەوە و هەندێکیان لە کاژێر چوار یان حەوتی بەیانی بەنزینیان دابەش کردووە.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە رووداوی رایگەیاند: بەنزینخانەکان لە کاتی دابەشکردنی بەنزین سەرپشکن، بەڵام زۆربەیان لە سەرەتای بەیانی دابەشی دەکەن. گوتیشی: "ئەمە لە بەرژەوەندی فەرمانبەر و کاسبکارانە، چونکە پێش چوونە سەر کار دەتوانن بەنزین وەربگرن.
سەبارەت بە نۆرەبڕی لە بەنزینخانەکان، بە تایبەتی لەلایەن ئەو هاونیشتیمانیانەی جلوبەرگی سەربازی لەبەر دەکەن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت: "تیمی تایبەتمان نییە بۆ رێگری لە نۆرەبڕی."
ئاری کاکەشین داوای لە خاوەن بەنزینخانەکان و شۆفێران کرد هاوکار بن بۆ ئەوەی بەنزین بە یەکسانی دابەش بکرێت و هەمووان بتوانن سوودی لێ ببینن.
.jpeg&w=3840&q=75)


