رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای سیدەکان ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە "نۆرەبڕی"ـی هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دابەشکردنی بەنزیندا دەکەن و رایدەگەیێنێت، مەفرەزەی تایبەت بۆ رێکخستنی نۆرەی شۆفێران و پاراستنی مافی هاونیشتمانییان دانراوە.
ئەم روونکردنەوەیەی قایمقام دوای ئەوە دێت، شۆفێرێک لە رێگەی رادیۆی رووداوەوە گلەیی ئاراستەی ئیدارەی ناوچەکە کردبوو و باسی لەوە کردبوو کە "بەهۆی نۆرەبڕیی کارمەندانی پۆلیس و ئاسایشەوە، چەندین کاژێر لە بەنزینخانەکاندا دەمێننەوە و دواتریش بەنزینیان بەرناکەوێت."
ئیحسان چەلەبی، قایمقامی قەزای سیدەکان بە رادیۆی رووداوی گوت: "دوێنێ لە کاژێر 17:00ـەوە تاوەکو 12:00ـی شەو لە کاتی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراودا بەردەوام بەدواداچوونمان کردووە. دوو مەفرەزەی هاوبەشی ئاسایش، پۆلیس و هاتووچۆمان بۆ رێکخستنی نۆرەکان دانابوو، تەنانەت لە کۆڵانەکانیش ئۆتۆمبێلی ئەمنیمان دانابوو تاوەکو مافی هیچ هاونیشتمانییەک نەفەوتێت."
قایمقامی سیدەکان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر نۆرەبڕیی کارمەندانی ئەمنی بەردەست نییە و گوتیشی: "بە تەحەددایەوە دەڵێم؛ یەک کارمەندی ئاسایش یان پۆلیس بە جلی سەربازییەوە نۆرەی نەبڕیوە، بەڵام هەندێکجار ئەوانەی نۆرەیان بەرناکەوێت هەوڵدەدەن گلەییەکەیان بخەنە سەر خەڵکی دیکە."
ئیحسان چەلەبی داواشی لە هاونیشتمانییان کرد، ئەگەر هەر کەسێک بەڵگەیەکی لەو بارەیەوە لایە بۆیان بنێرێت تاوەکو رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران بگرنەبەر.
.jpg&w=3840&q=75)


