رووداو دیجیتاڵ
سێ هاونیشتمانیی کورد لە کەرکووک لە رێگەی دادگاوە 52 دۆنم زەوی وەردەگرنەوە کە دووجار لەلایەن عەرەبی هاوسێی گوندەکەیان داگیرکرابوو، یەکێک لە سکاڵاکارە کوردەکان دەڵێ، "ئێستا لە کۆى 3700 دۆنم زەویى کورد لە ناوچەکەى 900 دۆنمى بەدەست کوردەوەیە."
ئەو زەوییانە دەکەونە سنووری گوندی چەخماخ لە قەزای دووبز؛ کێشەکە لەنێوان سێ جووتیاری کورد و دوو عەرەبی خەڵکی گوندی مامە بوو لە قەزای دووبز.
عومەر شاسوار، یەکێک لە هاونیشتمانییە کوردەکانی کەرکووک کە سکاڵای لەسەر ئەو زەوییانە تۆمار کردبوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بە هەر سێکمان 52 دۆنم زەویمان داگیرکرابوو، ئەو زەوییانەمان لە ساڵی 1975 لە دەستدا و دوورخراینەوە، دواتر درا بە عەرەبی گوندی هاوسێمان و کراوە بە ناوی وەزارەتی نەوتەوە. دوای 2003 گەڕاینەوە سەر زەوییەکانمان، بەڵام لە دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017، جارێکی دیکە ئەوانە لەڕێگەی دادگەوە زەوییەکانیان داگیرکردینەوە."
ئەو زەوییانە دەکەونە سنووری مادەی 140 و بەگوێرەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری دەسەڵاتی پێشووی حیزبی بەعس داگیرکراون، هەرچەندە لە ساڵی 2012 بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەو بڕیارانە هەڵوەشێنراونەتەوە، بەڵام نەکراونەتە ناوی خاوەنەکانیانەوە.
عومەر شاسوار دەڵێ، ئەو زەوییانە لە ساڵی 1922ـەوە بە ناوی خانەوادەکەیان بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور هەڵنەوەشێنراونەتەوە بۆ ئەوەی بە فەرمی زەوییەکانیان وەربگرنەوە.
دادگای بەرایی دووبز لە بڕیارێکی تایبەت لەبارەی ئەو دۆسیەیە ئاماژەی بەوە داوە، ئەو زەوییانە سڕکردنی گرێبەستەکانیان لە ساڵی 2022ـەوە لەسەر هەڵگیراوە، کە پێشتر لە دژی خاوەنە رەسەنەکانیان لە ساڵی 1992 دەرکرابوو و ئەو زەوییانە بۆریی نەوتیان پێدا تێپەڕ دەبێت، بۆیە ناکرێت بۆ کشتوکاڵ بەکاربهێنرێن، بەڵام خاوەندارێتییان بەگوێرەی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی ساڵی 2025 بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان دەبێت، کە مەبەست لێی سێ هاونیشتمانییەکەی کەرکووکە.
عومەر شاسوار ئاماژەی بەوەشکرد: هێشتا لە کۆی 3700 دۆنم زەویی کورد لەو سنوورە، تەنیا 900یان گەڕێنراونەتەوە و ئەوانی دیکە بە دەست عەرەبی هاوردە و ئەو عەرەبانەن کە خەڵکی گوندەکانی دەوروبەریانن.




