رووداو دیجیتاڵ
شۆفێران و خاوەن کۆمپانیاکانی گواستنەوە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ناڕەزایەتی بەرامبەر دروستکردنی گۆڕەپانێکی نوێ و وەرگرتنی پارە لە بارهەڵگرەکان دەردەبڕن و رایدەگەیێنن، سەرەڕای ئەوەی کەلوپەلەکانیان لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل گومرک دەکرێت، بەڵام لە بازگەیەک بە ناوی "وەسڵی سەندیکا" پارەی زیاتریان لێ وەردەگیرێت.
خاوەن کۆمپانیایەکی گواستنەوە لە سنوورەکە، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، گۆڕەپانێکی نوێ لە نزیک بازگەی "باچیکا" (لە ئاراستەی دێرەبوون و زاخۆ) دروستکراوە؛ هەر بارهەڵگرێک لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە بێت، ناچار دەکرێت بچێتە ناو ئەو گۆڕەپانە و بڕێک پارە بدات.
ئەو خاوەن کۆمپانیایە دەڵێت: "ئەو پارەیە بە ناوی سەندیکاوە وەردەگیرێت، لە کاتێکدا هیچ پەیوەندییەکی بە خزمەتگوزارییەکان یان حکومەتەوە نییە."
بەپێی گوتەی شۆفێران و خاوەن کۆمپانیاکان، بڕی پارەکە بەپێی مەبەست و شوێنی بارەکە دەگۆڕێت و بەم شێوەیەیە:
بۆ سێمێل، دهۆک و هەولێر: 25 هەزار دینار.
بۆ مووسڵ: 35 هەزار دینار.
بۆ بەغدا: 50 هەزار دینار.
بۆ ناوچەکانی خوارووی بەغدا: 60 هەزار دینار.
سەبارەت بەم کێشەیە، ئەدیب جەعفەر، بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئێمە ئاگاداری تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بابەتە نین، بەڵام بەدواداچوونی بۆ دەکەین."
هەروەها مەحموود سلێمان، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوەی دهۆک، هەر جۆرە پەیوەندییەکی سەندیکاکەیانی بەو گۆڕەپانە و وەرگرتنی ئەو پارەیەوە رەتکردەوە.
ئەم بارگرانییە داراییە لە کاتێکدایە، شۆفێرانی بارهەڵگر دەڵێن کارەکانیان بەهۆی ئەم "باجە ناڕەسمییانە"وە پاشەکشەی کردووە و داوا دەکەن لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستوەردان بکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارە.


