رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی شۆفێران ناڕازین لە کاتی دابەشکردنی بەنزین و داوا دەکەن رێگری لە نۆرەبڕی بکرێت. بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێریش دەڵێت، دیارینەکردنی کاتێکی دیاریکراو بۆ دابەشکردنی بەنزین، لە بەرژەوەندی فەرمانبەر و کاسبکارانە.
زیاد رەحمان، شۆفێرێکی دانیشتووی سیدەکان بە رووداوی گوت، زیاتر لە سێ کاژێر لە نۆرەی بەنزین وەستاوە، بەڵام کاتێک گەیشتووەتە بەنزینخانەکە پێیان گوتووە بەنزین نەماوە. ئەو شۆفێرە گوتی، لەبەرچاوی ئەو، پۆلیس و ئاسایش دەچوونە ناو بەنزینخانە و بەنزینیان پێدەدرا.
غەریب هەولێری، شۆفێرێکی دیکە، دەڵێت لە کاژێر 5:00ـی بەیانییەوە لە نۆرەی بەنزین وەستاوە و پێشتر پێیان گوتراوە کاژێر 7:00ـی بەیانی دابەشکردنی بەنزین دەستپێدەکات، بەڵام کاتێک دەرگای بەنزینخانەکە کرایەوە، کاژێر 9:00 بوو. دەشڵێت، لە ناوەندی شاری هەولێر سەردانی شەش بەنزینخانەی کردووە، بەڵام کاتی دابەشکردنی بەنزین لە بەنزینخانەکان جیاواز بووە؛ هەندێکیان لە شەوەوە و هەندێکیان لە کاژێر 4:00 یان 7:00ـی بەیانی بەنزینیان دابەش کردووە.
"کاتێکی دیاریکراو نییە بۆ دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری"
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە رووداوی رایگەیاند: "بەنزینخانەکان لە کاتی دابەشکردنی بەنزین سەرپشکن، بەڵام زۆربەیان لە سەرەتای بەیانی دابەشی دەکەن."
ئەو گوتی، ئەمە لە بەرژەوەندی فەرمانبەر و کاسبکارانە، "چونکە پێش چوونە سەر کار دەتوانن بەنزین وەربگرن."
سەبارەت بە نۆرەبڕی لە بەنزینخانەکان، بە تایبەتی لەلایەن "ئەو هاونیشتیمانیانەی جلوبەرگی سەربازی لەبەر دەکەن"، بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوت و کانزاکانی هەولێر دەڵێت، تیمی تایبەتیان نییە بۆ رێگریکردن لە نۆرەبڕی.
ئاری کاکەشین داوای لە خاوەن بەنزینخانەکان و شۆفێران دەکات، هاوکارییان بکەن بۆ ئەوەی بەنزین بە یەکسانی دابەش بکرێت و هەمووان بتوانن سوودی لێ ببینن.
.jpg&w=3840&q=75)
.jpeg&w=3840&q=75)

