رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئەم ساڵ بە تیروپشک ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکەن، لە دوو ساڵی داهاتوودا مافیان دەبێت حەج بکەن.
شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، سێشەممە 11ی ئاب لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "سیستەمی تۆمارکردنی ناونووسینی حەج بۆ ساڵی داهاتوو لە شەوی رابردووەوە راگیراوە و کۆتایی بە تۆمارکردنی ناو هاتووە".
بەڕێوەبەری حەج و عومرە گوتی: "بڕیارماندابوو ناونووسین بۆ دوو ساڵ بکرێت. حەجی ساڵی 2027 و 2028. هەروەها بڕیادراوە بۆ حەجی ساڵی داهاتوو یەدەگەکانی پار کە ژمارەیان زیاتر لە 2400 کەسە ئەم ساڵ دەرفەتیان پێ بدرێت بچنە حەج".
بالیسانی گوتی: "ئەوانەی ناویان تۆمار کردووە بە زووترین کات وردبینییان بۆ دەکرێت و [جگە لە یەدەگەکانی پار] نزیکەی 2700 هاووڵاتی ناویان بۆ حەجی ساڵی داهاتوو دەردەچێت".
بەڕێوەبەری حەج و عومرە ئاشکرای کرد، 120 هەزار و 142 کەس ناویان تۆمار کردووە بچنە حەج، لەو ژمارەیە 116 هەزار و 693 وەکو هاووڵاتی ئاسایی ناویان تۆمارکردووە؛ 602 مورشیدی ئایینی، 255 کۆمپانیا وەکو سەرقافڵە، 243 پزیشک و 2340 کەسیش وەکو کەسوکاری شەهیدان ناویان تۆمارکردووە".
بالیسانی ئاماژەی بەوەکرد، لەو کەسانەی ناویان تۆمار کردووە 4800 ناویان بۆ حەجی ساڵی 2028 هەڵدەبژێرن.
بەڕێوەبەری حەج و عومرە بە وەکالەت دەڵێت، بۆ حەجی دوو ساڵی داهاتوو، "پشکی شێر بۆ بە تەمەنەکان دەبێت و وا دەکەین 45 بۆ 70 ساڵی زۆرترین ناوە دەرچووەکان بن".
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەم ساڵ تەمەن نەکرا بە پێوەر و سەرووی 70 ساڵیش ناویان تۆمار کردووە".
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان، سێشەممە 11ی ئابی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای وردبینیکردنی ناوەکان و رێکارە کارگێڕییەکان، لە ماوەیەکی نزیکدا تیروپشک دەکرێ".
ناونووسین بۆ حەج، ئەم ساڵ 21ی تەممووز دەستیپێکرد. پار ناونووسین بۆ حەج، لە 11ی ئەیلوول دەستیپێکرد و 26ی هەمان مانگ کۆتایی هات. زیاتر لە 90 هەزار کەس داواکارییان لە رێگەی فۆرمی ئەلیکترۆنی پڕکردەوە، لەو ژمارەیە 5120 کەس بە تیروپشک ناویان دەرچوو.
بۆ حەجی ساڵی 2026، 7ی ئایار یەکەم گەشتی حاجیان لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ رێوڕەسمەکانی حەج دەستیپێکرد و دوایین گەشت 17ی ئایار بوو.

.jpeg&w=3840&q=75)

