رووداو دیجیتاڵ
رەحمە زاهیر ئەحمەد، ئەو خوشکە بەوەفایەیە کاتێک بینی براکەی ماوەی هەشت مانگە بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانیەوە ئازار دەچێژێت و ژیانی لە مەترسیدایە، بڕیاری دا پارچەیەک لە جەستەی خۆی پێشکەش بە براکەی بکات.
بەرزان محەممەد، هاوژینی رەحمە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەحمە هاوژینمە و خاوەنی پێنج منداڵین. کاتێک بڕیاری دا گورچیلەی خۆی بدات بە براکەی، من رێگریم لێ نەکرد." ئاماژەی بەوەش کرد کە سەعدوون زاهیری برای، چوار ساڵ لە خوشکەکەی گەورەترە و ئەویش باوکی پێنج منداڵە.
هاوژینی رەحمە باسی لەوەش کرد، ئێستا هاوژینەکەی و برای هاوژینەکەی هەردووکیان تەندروستییان باشە، بەڵام پێش نەشتەرگەرییەکە باری تەندروستیی سەعدوون زۆر خراپ بووە، بۆیە رەحمە نەیدەویست حاڵی براکەی بەو جۆرە ببینێت و بڕیاری فیداکاریی دا.
لە سنووری قەزای خورماتوو، ئەم کارەی رەحمە زاهیر بووەتە باسی گەرمی نێو هاونیشتمانییان و وەک نموونەیەکی باڵای فیداکاری و وەفای خوشکایەتی دەبینرێت، ئێستا باری تەندروستیی هەردووکیان جێگیرە.



