رووداو دیجیتاڵ
کرێی پاس لە قەزای بەحرکەی پارێزگای هەولێر 250 دیناری چووەتەسەر، بەرپرسی هێڵەکە دەڵێت سووتەمەنی گرانە و بەنزینمان دەست ناکەوێت. سەندیکاکانی گواستنەوەش دەڵێن، ئەگەر بەنزین هەرزان نەبێت، کرێی گواستنەوە لە شوێنەکانی دیکەش گران دەبێت.
زەکەریا عەزیز، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی ئابی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوتی راگەیاند: "تەنیا لە هیڵی بەحرکە کرێی هاتووچۆ زیاد بووە، چونکە دوورە. لە هێڵەکانی دیکە کرێی پاس وەک خۆیەتی."
نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە بەرزبوونەوە. سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی هەولێر دەڵێت: "ئەگەر دۆخەکە بەردەوام بێت، کرێی هێڵەکانی دیکەش گران دەبێت."
بەگوتەی حوسێن سەعید، بەرپرسی هێڵی گواستنەوەی بەحرکە، کرێی نێو بەحرکە لە 500 دینارەوە بووەتە 750 دینار و کرێی بەحرکە بۆ هەولێر لە 1000 دینارەوە بووەتە 1250 دینار.
زەکەریا عەزیز دەڵێت: "داوایان کرد هێڵەکە تاوەکو هەرزانبوونی بەنزین رابگرن، بەڵام بەمە هاونیشتمانییان زەرەرمەند دەبوون، لەجیاتی ئەوە زیادکردنی کرێی پاسیان هەڵبژارد."
هەر یەک لە ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێرانی سلێمانی و مەحموود سلێمان، سەرۆکی سەندیکای گواستنەوە و گەیاندنی دهۆک بە رووداویان راگەیاند، کرێی پاس لە سنوورەکانیان تاوەکو ئێستا زیاد نەبووە و تەنیا کرێی تەکسی هەزار دیناری بۆ شوێنە دوورەکان چووەتەسەر.
وەک سەرۆکی سەندیکاکانی گواستنەوە و گەیاندنی پارێزگاکان ئاماژەیان پێکرد، ئەگەر بەنزین بەو نرخە بمێنێتەوە و هەرزان نەبێت، سەرجەم هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی کرێیان زیاد دەکەن.



