رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی مامۆستایەکی ئاینی کە تێیدا بە زمانێکی تووند هێرش دەکاتە سەر پێکهاتەی ئێزدی و هەڕەشەی لەناوبردنیان لێدەکات، وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، ئەو جۆرە گوتارانە تەنیا بێڕێزی نین، بەڵکو مەترسین بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
مامۆستا ئاینییەکە چی دەڵێت؟
لەو گرتە ڤیدیۆییەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری هەبووە، مامۆستا ئاینییەکە کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بە کوردانی ئێزدی دەڵێت، "ئێمە ئێوە بە کافر دەزانین، ئێمە ئێوە بە گڵاو دەزانین، ئێمە ئێوە بە داوێنپیس دەزانین."
ئەو مامۆستا ئاینییە، کە گوتارخوێنی مزگەوتێکی بانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دەشڵێت، "بە وەڵڵاهی، بچووکترین هەلمان بۆ هەڵکەوێت، نایەڵین یەک چرکە لەسەر ئەم زەوییە بژین، ئەم گوتارە "دینی ئێمەیە. نە لە کەسی دەشارینەوە و نە خۆمانی لێ دەشارینەوە."
رۆژی دووشەممە نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێمی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "بەکارھێنانی وشەی نالۆژیکی بەرانبەر ھەر پێکھاتەیەک بەتووندی رەتدەکەینەوە. ئەو کردارە دوورە لە هەموو بەهایەکی ئاینی و مرۆڤایەتی."
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو کەسەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت "لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان و عێراقە"، دەشڵێت، "فەرهەنگی پێکەوەژیان لە کوردستان رەگی مێژوویی هەیە و رێگە نادرێت کەس بێڕێزی بە پێکهاتەکان بکات."
نەبەز ئیسماعیل باسی لەوەش کردووە کە، "مامۆستایانی ئاینیی پیرۆزی ئیسلام و هەموو ئاینەکان، هەمیشە پێکەوە کاریان بۆ پەرەپێدانی گیانی تەبایی کردووە، بۆیە ئەم جۆرە گوتارانە گوزارشت لە پەیامی ئاشتیخوازانەی ئاین ناکەن."
هەروەها یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی لە کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند،"ئەو جۆرە وتارو پەیامە تووندانە پەیوەندییان بە هەرێمەوە نییە و زانایانی ئایینی لە کوردستان هۆشیارن و لە پێکەوەژیان تێدەگەن."
یەکێتییەکە هەروەها دەڵێت: "لەتێڕوانینی زانایانی ئایینی، هاوڵاتیانی کوردستان بە هەموو جیاوازییەکانەوە لە کوردستان یەک جەستەن، لەهەر کوێ هواوڵاتییەک تووشی ئازار بێت یان رووبەڕووی تووندڕەوی بێتەوە، ئازار بەر هەمووان دەکەوێت."



.webp&w=3840&q=75)