رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قەزای باتیفا دەڵێت، کشانەوەی چەکدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا، ژیان و ئاوەدانی بۆ گوندە چۆڵکراوەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەگەڕێنێتەوە و دەرفەتی پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری دەڕەخسێنێت.
فەرهاد مەحموود، قایمقامی قەزای باتیفا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای راگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر بگەیێنێتە ئەو گوندانەی پێشتر چۆڵکرابوون و ئێستا خەڵکەکەیان دەستیان بە گەڕانەوە کردووە."
سەبارەت بە دۆخی گوندەکان، فەرهاد مەحموود ئاماژەی بەوە کرد، "پێشتر 11 گوندمان چۆڵکرابوون، بەڵام خۆشبەختانە دوای ئەم پرۆسەیە، خەڵک گەڕاونەتەوە سەر گوندەکانیان و دەستیان بە کاری کشتوکاڵی کردووەتەوە."
لەبارەی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی دوای کشانەوەی پەکەکە، فەرهاد مەحموود روونیکردەوە، ئەو بابەتە "پەیوەستە بە هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق و پلانی بۆ دادەنرێت، چونکە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقدان."
قایمقامی باتیفا گەشبینیی خۆی بە بووژانەوەی ناوچەکە نیشان دا و گوتی، "خۆشبەختانە ماوەی 2 ساڵە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ بەردەوامە لە بووژانەوە و خەڵک سەردانی ناوچەکە دەکەن. ئێستا دۆخێکی ئارام لە نزیکەی 10 گونددا هەیە. ئاساییبوونەوەی دۆخەکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵ دەبێت و کارکردن لەسەر پڕۆژەکان بەردەوامە."
بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە، لە ساڵانی هەشتاکانەوە زیاتر لە 330 گوندی سنووریی پارێزگای دهۆک چۆڵکرابوون و زیانێکی زۆر بەر خەڵکی ئەو گوندانە کەوتبوو.
.webp&w=3840&q=75)


